رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی رەشنووسی رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، تاران ئامادە نییە دەستبەرداری کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز بێت و جەخت لە "مافە ئەتۆمییەکانی" دەکاتەوە.
رۆژی هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)ـی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لەو رەشنووسەی ئێستا خەریکە رێککەوتنی لەسەر دەکرێت، ئێران هیچ پابەندییەکی تێدا نییە بۆ رادەستکردنی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز یان گەڕانەوە بۆ ئەو بارودۆخەی پێش "دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" هەبووە.
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە، هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز کە شادەمارێکی وزەی جیهانە، کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئێران و تاران تەنیا رێگەی بە تێپەڕبوونی ژمارەیەکی زۆر کەم لە کەشتییەکان داوە، ئەویش دوای وەرگرتنی مۆڵەت.
رۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییە پلانبۆداڕێژراوەکانی بۆ سەر ئێران راگرتووە و ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ بکرێت. بەڵام ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی هێشتا نەگەیشتووەتە "ئەنجامی کۆتایی" لەبارەی رێککەوتنەکە.
وردەکاریی رەشنووسەکە؛ 300 ملیار دۆلار قەرەبوو
ئاژانسی هەواڵی (مێهر)ـی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستاندنکاری وڵاتەکەیەوە، چەند خاڵێکی رەشنووسی رێککەوتنەکەی بڵاوکردووەتەوە کە گرنگترینیان ئەمانەن:
- کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، لەنێویاندا لوبنان.
- ئازادکردنی 24 ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران.
- دیاریکردنی ماوەی 60 رۆژ بۆ دانوستاندن لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی تاران.
- هەڵگرتنی سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران.
- کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران کە لە 13ـی نیسانەوە دەستیپێکردووە.
- پێدانی 300 ملیار دۆلار بە ئێران وەک قەرەبووی جەنگ و تێچووی ئاوەدانکردنەوە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە.
مێهر ئاماژەی بەوەش کردووە، تاران مەرجی داناوە کە نابێت دانوستاندنی کۆتایی دەستپێبکات، تاوەکو نیوەی پارە بلۆککراوەکان ئازاد نەکرێن و سزاکانی نەوت و گەمارۆی دەریایی لانەبرێن.
هێڵە سوورەکانی پرۆگرامی ئەتۆمی
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی کە گەورەترین خاڵی ناکۆکی نێوان واشنتن و تارانە، ئاژانسی ئیرنا نووسیویەتی، ئێران تەنیا لە چوارچێوەی "بنەما سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی" دانوستاندن دەکات.
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و هێشتنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناوخۆی ئێراندا، لەو هێڵە سوورانەن، کە تاران لە رێککەوتنی کۆتاییدا جەختیان لێ دەکاتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
