رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران بۆ کاروباری رێکخستن دەڵێت، تەنگەی هورمز بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە و رێگە بە هیچ کەشتی یان هێزێک نادرێ پێیدا تێپەڕێت، مەگەر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوان بێت.
ئەمڕۆ هەینی 12-06-2026، حەبیبوڵڵا سەیاری، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران بۆ کاروباری رێکخستن لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لە دۆخی هێزی دەریایی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: ''بانگەشەی ئەوە دەکەن هێزەکانمان زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام ئەگەر پیاوی شەڕن با بێنە پێشەوە، نەوەک لە دوورەوە قسە بکەن''.
حەبیبوڵڵا سەیاری، سەبارەت بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئێران گوتی: ''هێزە چەکدارەکانمان لەوپەڕی ئامادەییدان. ئەوەی [ئەمریکا] لە دوورەوە بوەستێت و بانگەشە بکات، هیچ بایەخێکی نییە. با ئەگەر پیاون، لێمان نزیک ببنەوە''.
بەگوتەی جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران بۆ کاروباری رێکخستن، رۆژئاوای تەنگەی هورمز و کەنداو بە ''تەواوی'' لەژێر کۆنترۆڵی هێزی دەریایی سوپای پاسداراندایە؛ هەروەها رۆژهەڵاتی رێڕەوە ئاوییەکە و باکووری زەریای هیندیش بە ''تەواوی'' لەژێر کۆنترۆڵی هێزی دەریایی سوپای وڵاتەکە (ئەرتەش)ـدایە.''
دوای دەستپێکردنی جەنگی 40 رۆژە لە 28ـی شوباتی 2026، ئێران تەنگەی هورمزی بەڕووی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکاندا داخست. حەبیبوڵڵا دەڵێت، ''هیچ کەشتییەک بوێری تێپەڕبوونی بە تەنگەکەیدا نییە، مەگەر ئەوەی هاوئاهەنگی بکات و خۆمان رێگە بە تێپەڕبوونی بدەین.''
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات کە لە تەنگەی هورمز نزیک نەبنەوە و دەڵێت: ''دەریای عومان هێڵی پێشەوەی کەنداوە. دووژمن هەوڵ دەدات لەو رێگەیەوە بێتە ژوورەوە، بەڵام هیچ دووژمنێک بوێریی ئەوە ناکات بەرەو تەنگەی هورمز بێت؛ ئێمە رێگە نادەین هیچ کەسێک نزیک ببێتەوە.''
قسەکانی سەیاری لەکاتێکدان دوێنێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی گەشبینیی خۆی بۆ کۆتاییهاتنی گرژییەکان دەربڕی و گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مەزنە، لێکتێگەیشتنی باشمان لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران هەیە و بەمنزیکانە رەشنووسی کۆتایی واژۆ دەکەین، کە لەوانەیە لە ئەورووپا بێت."
28ی شوباتی ئەمساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەو وڵاتەش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە. هەرچەندە لە 8ی نیسانەوە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام ناوبەناو پێکدادان لە نێوانیاندا روودەدات.


.jpg&w=3840&q=75)
