رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی وەڵامێکی "پەشیمانکەرەوە" دەداتە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و دەڵێت، هێزە چەکدارەکانیان لە دوورگەی ستراتیژیی خارگ لەوپەری ئامادەییدان.
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا هێرشی تووند دەکاتە سەر دۆناڵد ترەمپ و بە "خەیاڵپڵاو" ناوی دەبات. عەزیزی ئاماژە بە هەڕەشەکانی ترەمپ لە دژی ئێران دەکات و دەڵێت: "بێگومان کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامێکی یەکلاکەرەوە، تێکشکێنەر، بەئازار و پەشیمانکەرەوە دەداتە ئەم کردەوە و رەفتارانە."
سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی وزەی وڵاتەکەی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران گوتی، ترەمپ لە جەنگەکانی پێشوودا سەرکەوتوو نەبووە و دەڵێت، دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران بەتاڵە و لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران، هیچ "دەستکەوتێکی" نییە کە باسی بکات.
لەبارەی هەڕەشەی ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر دوورگەی خارگ کە بە شادەمار و دڵی پیشەسازیی نەوتی ئێران دادەنرێت، ئیبراهیم عەزیزی رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە دوورگەی خارگ، بە هەموو تواناکانیانەوە لەوپەری ئامادەییدان.
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال رایگەیاندبوو، ئەمریکا "ئەمشەو زۆر بە تووندی" لە ئێران دەدات، و هەڕەشەی ئەوەی کرد لە "داهاتوویەکی نزیکدا کۆنترۆڵی تەواوی پیشەسازییەکانی نەوت و گازی ئێران" بکات، لەوانەش دوورگەی گرنگی خارگ. بەڵام دواتر لە هەڕەشەکانی پاشگەزبوویەوە و رایگەیاند، هێرشەکانی سەر ئێرانی وەستاندووە.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)