رووداو دیجیجتاڵ
قەرارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیای ئێران، ئەمریکا بە هۆکاری داخرانی تەنگەی هورمز و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە دەزانێت و دەڵێت، ''یان هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ هەمووان دەبێت، یان بۆ هیچ کەس.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-06-2026، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیای ئێران پەیامێکی سەبارەت بە داخرانی تەنگەی هورمز بەسەر کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکاندا بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: ''ئەمریکا لە لایەک باسی رێککەوتن و دانوستاندن دەکات، لە لایەکی دیکەوە سەرقاڵی خراپەکارییە. ئەم ناکۆکییە ئاشکرایە هۆکاری سەرەکیی نائارامییە لە ناوچەکەدا و ئاسایشی بازرگانی و ئابووریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە تەنگەی هورمز خستووەتە مەترسییەوە.''
عەلی عەبدوڵڵاهی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای سەبارەت بە لەنێوبردنی توانای سەربازیی ئێران رەتکردەوە و گوتی: ''سەرکردەکانی ئەمریکا بەهۆی نەبوونی تێگەیشتنێکی دروست لە گەلی ئازای ئێران و هێزە چەکدارە بەهێزەکانی، لەنێو بازنەیەکی بەتاڵدا دەخولێنەوە؛ درۆ دووبارەکانی ئەمریکا یەکێکە لە نیشانەکانی.''
فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران، ئەمریکا بە ''شكستخواردوو'' وەسف دەکات و دەڵێت: ''ئەوان هەرگیز ناتوانن بە بانگەشە و شەڕی میدیایی، سووکایەتی و شکستە یەک لە دوای یەکەکانیان لە بەرامبەر ئێراندا قەرەبوو بکەنەوە یان شەڕخوازیی خۆیان بشارنەوە.''
جیا لە بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران، دوو رۆژە ئەمریکا راستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە. عەلی عەبدوڵڵاهی هۆشداریش دەدات: ''ئەگەر جارێکی دیکە بیانەوێت هێرش بکەنە سەرمان، وەڵامێکی تووندتر لە جاران وەردەگرنەوە و ئاگری جەنگ جگە لە نائارامیی ناوچەکە، پەرەدەستێنێت و بەرفراوانتر دەبێت''.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا هەڕەشەی هێرشێکی دووبارە و کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوت و گازی ئێرانی کردووە. فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ئەوەشی خستەڕوو: ''یان هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ هەمووان دەبێت، یان بۆ هیچ کەسێک ناکرێت.''
هاوکات دۆناڵد ترەمپ لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە ویستی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارکیش کردووە کە شادەماری هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە و دەکەوێتە باکووری کەنداو.
نزیکەی 90٪ بۆ 95٪ـی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە رێگەی خارکەوە دەکرێ.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
