رووداو دیجیتاڵ
عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی ئێران رایدەگەیێنێت، ئێران ناچێتە ژێر باری سەپاندنی ویست و ئیرادەی هیچ لایەنێکەوە. دەشڵێت، بەردەوامبوونی گوشار و هەڕەشەکان، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەتر و تووندتری بەدوادا دێت."
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئەمە دەنگی خرۆشانی گەلی ئێرانە کە لە ئاسمانی تەلئەڤیڤ دا دەبیسترێت، ئێران و ئێرانییەکان ناچنە ژێر باری سەپاندنی ویست و ئیرادەوە."
ئەحمەدیان بە ئاماژەدان بەوەی کە بەرپرسانی ئێران بە پشتبەستن بە خوای گەورە و پاڵپشتیی گەل، تاوەکو سەرکەوتنی کۆتایی لە گۆڕەپانەکەدا وەستاون، جەختی کردەوە: "بەردەوامبوونی رێڕەوی گوشار و هەڕەشە، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەتر و تووندتری بەدوادا دێت."
لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر هیچ شوێنێکی ئێران.
بە گوتەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، دەنگی ئەو تەقینەوانەی لە ئاسمانی شاری تەورێزدا بیستراون، بەهۆی چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی شارەکە بووە.
شەوی یەکشەممە، 7ی حوزەیران 2026 سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی زاحییەی بەیرووت، هێرشی مووشەکی کردووە سەر ئێسرائیل و بەتایبەت بنکەی ئاسمانیی رامات دەیڤد-ی ئیسرائیلی کردووە ئامانج، کە لەوێوە ناوچەی زاحییەی بەیرووت بۆردوومان کراوە.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)