رووداو دیجیتاڵ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکانی ئەمشەوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لە وەڵامی پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی "زاحییە"ی بەیرووت بووە. دەشڵێت لەم هێرشانەدا بنکەی ئاسمانیی رامات دەیڤد کە سەرچاوەی ئەم دەستدرێژییانە بوو، کرایە ئامانج. شەوی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لە وەڵامی تاوانە بەرفراوانەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنی لە باشووری لوبنان و کۆمەڵکوژکردن و ئاوارەکردنی بەکۆمەڵی گەلی چەوساوەی ناوچەکانی سوور، نەبەتییە و شوێنەکانی دیکە لەوانەش زاحییەی بەیرووت، بنکەی ئاسمانیی رامات دەیڤد کە سەرچاوەی ئەم دەستدرێژییانە بوو، کرا بە ئامانجی مووشەکە بالیستییەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران." سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت: "قبووڵکردنی ئاگربەست لە لایەن ئێمەوە لە 8ی نیساندا مەرجدار بوو بە راگرتنی شەڕ لە تەواوی بەرەکانی شەڕدا؛ بەڵام وەک هەمیشە ئەمریکا و رژێمی زایۆنی پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون، هەم دەستدرێژی و تاوانەکانیان لە لوبنان بەردەوام کرد، هەم بە هێرشی بەردەوام بۆ سەر کەناراوەکان و کەشتییەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز، دەریای عومان و زەریای هیندیدا ئاگربەستەکەیان پێشێل کرد." سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت: "ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمشەو تەنیا ئاگادارکردنەوە و هوشدارییەک بوو و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکاندا، وەڵامەکان بەرفراوانتر دەبن و تەواوی ئامانجەکانی ئەمریکی ـ زایۆنی لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە."