رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا دەکات بۆ سەر ناوچەی سیریک و دوورگەی قیشم و رایدەگەیێنێت، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەستی هەشتی نیسانە و بەزاندنی سەروەریی خاکی ئێرانە.
رۆژی شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی رادار و چاودێریی کەناراوەکان لە ناوچەی سیریک و دوورگەی قیشم، کە ئەرکی ئەو بنکانە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و کەشتیوانیی بووە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ئەم هێرشە لە چوارچێوەی بەردەوامیی کردەوە دووژمنکارانەکانی ئەمریکا دژ بە ئێرانە" و دەشڵێت: هێرشەکە نیشانەی بێباکیی واشنتنە بەرامبەر بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی، لە چوارچێوەی مافی بەرگریی رەوادا، وەڵامی گونجاو و کاریگەری ئەو هێرشەیان داوەتەوە.
تاران هۆشداری دەدات کە "پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە دەریدەخات کە واشنتن هیچ ویستێکی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان نییە، بەڵکو بە کردەوە ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە".
هەروەها ئێران بەرپرسیارێتیی هەر لێکەوتەیەکی ئەم هێرشانە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی ئەمریکا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێران مافی بەرگری لە خۆی هەیە و، داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە پابەندی بنەمای هاوسێیەتیی باش بن و رێگە بە هێزەکانی ئەمریکا نەدەن خاک و توانایان دژی ئێران بەکاربهێنن.
تاران داوا لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، هەڵوێستی خێرا و کاریگەر دژی "ئەم پێشێلکارییانەی ئەمریکا" بگرنەبەر و رێگری لە "پێشێلکارییەکان دژی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی" بکەن.
بەیانیی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، چوار درۆنی ئێرانیان لە ئاسمانی نزیک تەنگەی هورمز خستووەتە خوارەوە و هێرشیان کردووەتە سەر چەند تاوەرێکی پەیوەندی لە سیریک و قیشمی باشووری ئێران.
سوپای پاسداران لە وەڵامی هێرشەکەی سەر باشووری وڵاتەکەی، کاژێر 02:30 خولەک، بە مووشەک لە بنکەی ئاسمانیی (عەلی سالم)ـی ئەمریکای داوە لە کوێت و کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی وڵاتەکەش لە بەحرێن کردووەتە ئامانج.


.png&w=3840&q=75)
