رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێ، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی لێخۆشبوون و کەمکردنەوەی سزای بۆ زیاتر لە دوو هەزار زیندانی دەرکردووە. بڕیارەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە "سیخوڕی، بوونی پەیوەندی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دیکە و تاوانەکانی ئاسایشی نیشتمانی و تێکدانی ئاسایشی نێوخۆی وڵات تۆمەتبارن".
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی میزانی دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، موجتەبا خامنەیی پێشنیازی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئەو وڵاتەی لەبارەی لێخۆشبوونی ژمارەیەک زیندانی و کەمکردنەوەی سزای ژمارەیەکی دیکە زیندانی پەسند کردووە.
عەلی موزەفەری، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند: "ناوی زیاتر لە 2000 کەس لە سزادراوانی دادگەکانی گشتی، شۆڕش، رێکخراوی دادی هێزە چەکدارەکان و رێکخراوی سزای حکومی، دوای پێداچوونەوە لەلایەن لیژنەکانی لێخۆشبوونی پارێزگاکان و لیژنەی ناوەندییەوە خرایە نێو لیستی پێشنیازکراوی لێخۆشبوون. ئەم لیستە لە لایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەوە ئاراستەی رێبەری باڵا کرا و ئەویش رەزامەندی لەسەر دا."
عەلی موزەفەری رایگەیاند: "ئەو کەسانەی سکاڵاکەری تایبەتی و پێشینەی کاریگەری تاوانیان نییە، هەروەها بەشێک لە ماوەی سزاکەیان تێپەڕاندووە و نیشانەکانی باشبوون و بەخۆداچوونەوەیان تێدا بینراوە، لە پێشەنگی لیستەکەدا دەبن بۆ ئازادکردن و کەمکردنەوەی سزاکەیان."
بە گوتەی موزەفەری، تەمەن، دۆخی خێزانی و تاوانەکەش لە بڕیاردانی لیژنەکاندا کاریگەرییان هەبووە.
جێگری دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێ، بڕیارەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە "سیخوڕی، پەیوەندی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دیکە، تاوانەکانی دژی ئاسایشی نیشتمانی و تێکدانی ئاسایشی نێوخۆی وڵات تۆمەتبارن و ئاسایشی کۆمەڵگەیان خستووەتە مەترسییەوە".
عەلی موزەفەری رایگەیاند، لێخۆشبوونەکە ئەوانەش ناگرێتەوە کە لەلایەن خەڵکەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، تاوەکو ئەو کاتەی رەزامەندیی لایەنی سکاڵاکەر وەردەگیرێ.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی جەژنەکانی قوربان و غەدیرەوە ئەو لێبووردن و کەمکردنەوەی سزای دەرکردووە.



