رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی فەتحوڵڵا ئاوەری، یەکێک لە بەندکراوانی خۆپێشاندانەکانی زستانی رابردووی راگەیاند. رێکخراوی هەنگاویش دەڵێت: "سزاکە بە نهێنی و بەبێ دیداری کۆتایی کەسوکاری جێبەجێ کراوە."
ماڵپەڕی (میزان)ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، فەتحوڵڵا ئاوەری کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی شەوی 8ی شوباتی رابردوو لە شاری هەمەدان دەستبەسەر کرابوو، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کراوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوە فەرمییەکەی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەو بەندکراوە تۆمەتی "کوشتنی پلەدارێکی سەربازیی" دراوەتە پاڵ و هەر بەو تۆمەتەش سزاکەی بەسەردا سەپێندراوە. .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، فەتحوڵڵا ئاوەری رۆژی سێشەممە، 2ی حوزەیرانی 2026، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان لەسێدارە دراوە.
بەگوێرەی هەنگاو پرۆسەی لەسێدارەدانەکە "بە شێوەیەکی نهێنی" بووە و پێش جێبەجێکردنی سزاکە، رێگە بە کەسوکاری نەدراوە دیداری کۆتایی لەگەڵدا بکەن.
خۆپێشاندانەکانی زستانی رابردووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، شەپۆلێکی دەستبەسەرکردن و دەرکردنی سزای قورسی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان و دادوەرییەکانی ئێرانەوە بەدوای خۆیدا هێنا، کە تاوەکو ئێستاش کاردانەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لێدەکەوێتەوە.



