رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە دانوستاندنەکاندا، پرسی سامان و پارە سڕکراوەکانی ئێرانە لە بانکەکانی جیهاندا. بەپێی زانیارییەکان، 9 وڵات بە گشتی بڕی زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری ئێرانیان سڕکردووە.
کۆی گشتیی سامانە سڕکراوەکانی ئێران لەنێوان 100 بۆ 120 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت کە بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەشبووە. چین بە سڕکردنی 20 ملیار دۆلار لە پێشەوەی لیستەکەیە و دوای ئەویش سویسرا بە 8 ملیار دۆلار و هیندستان بە 7 ملیار دۆلار دێن.
هەروەها عێراق و قەتەر هەریەکەیان 6 ملیار دۆلار، ئەڵمانیا 5 ملیار دۆلار، ژاپۆن و فەڕەنسا هەریەکەیان 4 ملیار دۆلار و ئەمریکاش 2 ملیار دۆلاری ئێرانیان سڕکردووە.
ئەم سامانانە داهاتی هەناردەکردنی نەوت و گاز، یەدەگی دراوی بیانی، سپاردەی بانکی و موڵک و ماڵی حکومی لەخۆدەگرن.
هۆکارەکانی سڕکردنی سامانی ئێران بۆ چەند رووداو و سیاسەتێکی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە، لەوانە: بارمتەگرتنی دیپلۆماتە ئەمریکییەکان لە ساڵی 1979، بەردەوامبوونی بەرنامەی ئەتۆمی، پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی و پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە.
ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادکردنی ئەم سامانانەش بریتین لە سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بێبەشکردنی ئێران لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی، دەرکردنی بانکەکانی لە سیستمی سویفتی جیهانی (SWIFT)، سزادانی بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بانکەکان و پچڕانی پەیوەندییە بانکییەکان.