رووداو - هەولێر
لەدوای کوژرانی ئیمام حوسێن، یەکەمجارە ئاڵای سوور کە لەسەری نووسراوە "تۆڵەی حوسێن"، جارێکی دیکە بۆ ئاماژەی تۆڵەی خوێنی قاسم سولەیمانی هەڵدەکرێت.
ئاڵای تۆڵە لە مزگەوتی جەمکەران لە شاری قومی باشووری ئێران هەڵکراوە. درەنگانی شەوی رابردوو، ئێران بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدی ئەمریکییەکانی بە چەند مووشەکێک کردە ئامانج.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، یەکەم دەرکەوتنی نوێژکردنی بوو لەسەر تەرمی سولەیمانی و هاوڕێکانی و بە گریانەوە دەرکەوت، ئەمڕۆ لە دووەم دەرکەوتنی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و یەکەم گوتاریدا بە دەنگێکی دلێرەوە رایگەیاند، "شەوی رابردوو زلـلەیەکمان لە رووی ئەمریکا دا، بەڵام بەس نییە، چونکە ئەو جۆرە کردەوانە بۆ بەرەی بەرگری نییە و دەبێت ئامادەبوونی گەندەڵکارانەی ئەمریکا لە ناوچەکە کۆتایی پێبێت."
محەممەد حوسێن رەحیمیان، خزمەتکاری باڵای مزگەوتی جەمکەران، ئەو کاتەی تەرمەکەی قاسم سولەیمانی لە قوم بوو گوتی، بۆیە ئاڵای رەشی سەر منارەی مزگەوتەکەیان داگرت و سووریان هەڵکرد، چونکە سولەیمانی و هاوڕێکانی لە هاوەڵانی راستەقینەی ئیمام مەهدی بوون، ئەوەش گەورەترین نیشانەی پەیڕەوکردنی پلەی ویلایەتە کە مەبەست لێی ویلایەتی فەقیهە.
لەدوای گوتارەکەی عەلی خامنەیی کە ئاماژەی بە تۆڵەکردنەوەی ئێران لە ئەمریکا کرد و لە هەمانکاتیشدا گوتی کە ئەوەی کردوویانە هێشتا بەس نییە، دیار نییە تاوەکو کەی ئەم ئاڵای تۆڵەیە لەسەر منارەی مزگەوتی چەمکەران دەمێنێتەوە.


