رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتنی پڕۆژەی گەڕاندنەوەی دابڕاوانی لە خوێندن بۆ ئەم ساڵ راگەیاند و دەڵێت، زیاتر لە 11 هەزار کەس گەڕێندراونەتەوە ناوەندەکانی خوێندن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "پرۆژەی گەڕاندنەوەی دابڕاوان لە خوێندن لە 4ـی تشرینی یەکەم دەستی پێکردووە و تاوەکو 17ـی تشرینی دووەم بەردەوام بووە؛ لەو ماوەیەدا 11 هەزار و 356 کەس گەڕێندراونەتەوە نێو پرۆسەی خوێندن."
ئالان حەمەسەعید گوتی: "لە ماوەی شەش ساڵی رابردووی کابینەی نۆیەمدا 42 هەزار و 107 دابڕاوی دیکە بۆ خوێندن گەڕێندرابوونەوە، بەمەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لەم کابینەیەدا گەڕێندراونەتەوە گەیشتووەتە 53 هەزار و 463 کەس."
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان روونی کردەوە کە پێشتر مامەڵەکردن لەگەڵ دابڕاوان بە شێوەی هەڕەمەکی بووە، بەڵام ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوەکانی (یونسێف، یونسکۆ، سەیڤ زە چێڵدرن، منداڵپارێزی کوردستان و ئینتەرسۆس) پرۆسەیەکی سیستەماتیکیان دامەزراندووە. گوتیشی، سەرجەم داتاکان لەسەر وێبسایتی (Back to Learning) تۆمار کراون و ناوەندەکانی خوێندن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە تۆمارکردنی دابڕاوان لە داتابەیسدا.
سەبارەت بەو کەسانەی گەڕێندراونەتەوە بۆ خوێندن، ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوە کرد، لەنێو گەڕاوەکاندا کەسانێک هەن زیاتر لە 10 ساڵە وازیان لە خوێندن هێناوە، هەر بۆیە پرۆسەکە بە دوو شێواز جێبەجێ دەکرێت؛ بەشێکیان دەگەڕێنەوە خوێندنی ئاسایی و بەشەکەی دیکەشیان لە رێگەی خوێندنی نائاسایی وەک (خوێندنی خێرا و ئێواران) درێژە بە خوێندن دەدەن.
وەزیری پەروەردە باسی لە گرنگیی پرۆسەکە کرد و گوتی: "ئەم ژمارانە تەنیا ژمارە نین لەسەر کاخەز، بەڵکو زیندووکردنەوە و گەڕانەوەی هیوان بۆ هەزاران کەس و دوورخستنەوەیانە لە پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی، چونکە دابڕان لە خوێندن زیانی گەورەی بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەیە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری پەروەردە جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا راگەیاندنی گەڕانەوەی دابڕاوان بەس نییە و خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە ئاگاداریان بن تاوەکو جارێکی دیکە دانەبڕێنەوە، ئەوەیش ئەرکی سەرەکیی ناوەندەکانی خوێندن و دەستە کارگێڕییەکانە.



