رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆی جووڵاندنی هێزێکی سوپای عێراق بۆ بیرەنەوتی قەمەر لە نزیک قەزای کفری لە سنووری گەرمیان هەیە، بەڵام قایمقامی قەزاکە رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، دۆخەکە ئاساییە.
لە بەردەوامی گرژییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-11-2026 دەنگۆی جووڵاندنی هێز لە سنووری نێوان قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ناحیەی جەبارە لە سنووری پارێزگای دیالە هەیە بۆ بیرێکی نەوت، بەڵام قایمقامی کفری رەتیدەکاتەوە.
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ هێزێک دژی سنووری کفری جووڵەی پێنەکراوە، ئەوەی باس دەکرێ هەر دەنگۆیە".
ئەو بیرە نەوتەی دەگوترێت سوپای عێراق هێزی تاوەکو نزیکی بردووە بیرەنەوتی قەمەرە، کە دروست دەکەوێتە نێوان سنووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
قایمقامی کفری گوتی: "بیرەنەوتی قەمەر لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە دەپارێزرێت و تاوەکو ئێستا پاراستنی لە ئەستۆی ئەوان دایە و هیچ رووینەداوە".
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزێکی سوپای عێراق براوەتە نزیک بیرەنەوتی قەمەر، لەبەرامبەردا هێزێکی پێشمەرگە لە سنوورەکە خراوەتە ئامادەییەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە سنوورەکە بە رووداوی گوت: "پێشمەرگە لە سنوورەکە هەر هەبووە و ئەمڕۆ جووڵەی جیاواز نەبووە".
دوێنێ دەنگۆیەکی هاوشێوە بۆ سنووری قەزای مەخموور بڵاوبووەوە، گوایە هێزێکی عێراقی جووڵەی پێکراوە، بەڵام قایمقامی قەزاکە رەتیکردەوە.
رزگار محەممەد، قایمقامی مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، عێراق هیچ هێزی نەناردووەتە سنووری مەخموور، ئەوەی هەبووە کاروانێک بووە بۆ گەڕان و پشکنین و گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
رزگار محەممەد گوتیشی: "کاروانەکە سێ بۆ چوار هەمەری سەربازی بوون، پێشتریش بەو جۆرە گەڕاون و هیچ پەیوەندییەکی بەم دۆخەی ئێستاوە نییە."
یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق دوێنێ رایگەیاند، وەزارەتەکە ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، تایبەت بە بڵاوەپێکردنی یەکە سەربازییەکان و کۆنترۆڵکردنی ناوچە جیاوازەکان لە هەموو پارێزگاکان، لە نێویاندا پارێزگای کەرکووک.
یەحیا رەسووڵ رایگەیاند: "عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرمانی کردووە بە بڵاوەپێکردنی یەکە سەربازییەکان و کۆنترۆڵکردنی ناوچە جیاوازەکان لە هەموو پارێزگاکان، لە نێویاندا پارێزگای کەرکووک."
گرژییەکان دوای ژمارەیەک بڕیار دەستیپێکرد، کە حکومەتی عێراق 24ی ئەم مانگە دژی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەنێویاندا کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و کەرتی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان هەن، هەموو بڕیارەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردستانییەکانەوە رەتکرانەوە.



