رووداو دیجیتاڵ
نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا جارێکی دیکە بەرزبووەوە؛ گوتەبێژی بازاڕی دراو لە هەولێر دەڵێت، نرخی 100 دۆلار گەیشتەوە 170 هەزار دینار.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراو لە هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "دوێنێ نرخی 100 دۆلار دابەزیبوو بۆ 168 هەزار و 900 دینار، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە نرخەکەی بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 170 هەزار دینار."
کەیفی خۆشناو گوتی: "ئێستا خواست لەسەر دۆلار زۆرە و ئەوەش وایکردووە لە دوو رۆژدا نرخەکەی دوو هەزار دینار بەرزببێتەوە؛ هاوکات کەمیی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی."
ئێستا 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بە 170 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە نرخەکەی دابەزیبوو بۆ 168 هەزار دینار.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، سۆکار ئازاد، مامەڵەکاری دراو لە سلێمانی، بە رووداوی گوت: "نرخی 100 دۆلار 170 هەزار دیناری تێپەڕاندووە."
بە گوتەی ئەو مامەڵەکارە، "خواستێکی زۆر لەسەر دۆلار دروستبووە، بەو پێیەی دینارێکی زۆر لە جۆری 25 هەزاری و 50 هەزاری هاتووەتەوە بازاڕەوە."



