رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە هەفتەی رابردوو، لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکانی هەولێر نزیکەی 150 دینار دابەزی. لە سلێمانی نرخی بەنزین جێگیرە.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانیی کۆمپانیای کار بە کۆ 1245 دینارە، هەفتەی رابردوو بە کۆ بە 1450 دینار بوو."
هەفتەی رابردوو نرخی لیترێک بەنزین لە بەنزینخانەکان 1550 دینار بوو. حاجی هۆگر حاجی ناسیح، خاوەن زنجیرەیەک بەنزینخانە لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیترێک بەنزین لە بەنزینخانەکانی ئێمە 1400 بۆ 1425 دینارە و 100 دینار دابەزیوە."
حاجی هۆگر گوتی: "بەنزین زۆر بووە، کاتێک بەنزین زۆر دەبێ، واتە خواست کەمە و نرخی روو لە دابەزین دەکات."
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی بەنزین جێگیرە و لیتری بە 1150 دینارە و دۆخەکە ئاساییە."
لە هەڵەبجە نرخی بەنزین هاوشێوەی سلێمانییە، هەروەها سەرچاوەی بەنزینی دهۆک پارێزگای هەولێرە و نرخیان لە یەکەوە نزیکە.
لەبارەی نرخی نەوتی ماڵان، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر گوتی، ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوت بە کۆ 325 هەزار دینارە و ئەو جۆرەی نەوتە بەرمیلی بە 15 هەزار دینار کرێی گواستنەوەوە بە نزیکەی 350 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان.



