رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی چواری هەولێر دەڵێ، رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرنەبەر کە لە کەندی کۆرنیش سەرپێچی بکات. بەڕێوەبەری ئاودێریی شارەکە دەڵێ، ئەگەر باخچە و سەرپێچییەکانی سەر کەندەکە لانەدرێن، لەگەڵ هەر بارانبارینێکدا ئاستەنگ دروست دەبێ.
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک کەندی کۆڕنیش لە هەولێر، لەسەر لادانی باخچەکانیان کە لە لێواری کەندەکە دروست کراون، پەیوەندییان بە هێڵی گەرمی رووداوەوە کرد.
ئەحمەد بەرزنجی، بەڕێوەبەری شارەوانیی چواری هەولێر لەسەر گلەیی هاونیشتمانییان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای دروستبوونی لافاوەکەی سەرەتای ئەم مانگە، لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر، بڕیارمان دا سەرجەم ئەو زێدەڕۆییانە لاببەین کە کراونەتە سەر کەندی کۆڕنیش."
کەندی کۆڕنیش رێڕۆیەکی ئاوە و لە رۆژهەڵاتی شارەکەیە.
ئەحمەد بەرزنجی دەڵێ: "بەشێک لەو زێدەڕۆییانەی لامانبردوون، ئەو باخچانەن لە لێواری کەندەکە دروستکرابوون کە رێگر بوون لە کارکردنی ژینگەپارێز و هەروەها هۆکاریش بوون بۆ دروستبوونی لافاو."
سەرەتای ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ هەولێری گرتەوە و یەکێک لەو ناوچانەی لافاوی لێ دروستبوو، کەندی کۆڕنیش بوو. لە لافاوەکەی هەولێردا دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
هاوکات رێبوار حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێریی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک کەندی کۆڕنیش باخچەی تایبەتیان لە لێواری کەندەکە دروست کردووە و هەندێکیان بەشێکی کەندەکەیان پڕکردووەتەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان.
بەپێی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2021 کە تایبەتە بە رێڕۆکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، دروستکردنی خانوو و هەر باڵەخانەیەک یان باخچەیەک تاوەکو دووریی 20 مەتر لە رێڕۆکان قەدەخەیە.
رێبوار حەسەن دەڵێ: "لەژێر رۆشنایی ئەو یاسایە، سەرجەم شارەوانییەکانمان لە مەترسییەکانی سەر کەندەکە ئاگادار کردوونەتەوە کە دەبێت سەرجەم ئەو سەرپێچییانەی کراون لاببرێن، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی دانیشتووانی ناوچەکە و گەڕەکەکانی دیکەی شاری هەولێر".



