رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیاند، هەموو هەوڵێک دراوە بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست و ئەو مووچەخۆرانەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە، بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان بکرێت.
رۆژی شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو هەوڵێک دراوە بۆ کردنەوەی پارە بۆ گرێبەستەکان و ئەو مووچەخۆرانەی لەسەر داهاتی نێوخۆن. بڕیارە ئەم هەفتەیە رێکارەکان تەواو ببن و لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا ئەگەری هەیە دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەوان بکرێت و ئەوانیش مووچە وەربگرن."
رۆژی 16ـی تشرینی دووەمی 2026، فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی دەڤەری دوو کرا، کە نزیکەی 10 هەزار خانەنشین دەبن و مووچەکانیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە."
لە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بەغدا شایستە داراییەکانی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نارد و لە رۆژی 8ـی مانگ دابەشکردنی دەستیپێکرد و دوای چوار رۆژ کۆتایی پێهات، بەڵام ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 87 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگاکانی حکومەتدا هەن؛ لەو ژمارەیە 30 هەزاریان پارەکەیان لەگەڵ لیستی مووچەی گشتی لە بەغداوە رەوانە دەکرێت، بەڵام زیاتر لە 57 هەزار فەرمانبەری گرێبەست مووچەکانیان لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە و مانگانە چاوەڕوانی بەردەستبوونی نەختینە دەکەن بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان.




