رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، بەهۆی هێرشەکەی کۆرمۆرەوە بەرهەمهێنانی کارەبا لەو وێستگانەی بە گاز کاردەکەن راگیراوە و بەو هۆیەوە لە 24 کاژێردا تەنیا 4 بۆ 5 کاژێر کارەبا دراوەتە هاونیشتمانییان.
ئەمڕۆ 10ـی تشرینی دووەمی 2026، لەکاتی بەشداریکردنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، لەبارەی کێشەی کارەبا، ئەنوەر حەمە سەعید بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی گوتی، "رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی هێرشەکەی کۆرمۆرەوە دابەزیوە، بۆیە لە 24 کاژێری رابردوودا تەنیا 4 بۆ 5 کاژێر لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین کارەبا دابەشکراوە، هەوڵدەدەین ئەو بڕە کارەبایەی هەیە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشی بکەین، لەم دۆخە نائاساییەدا ناتوانین بەرنامە بۆ دابەشکردنی کارەبا دابنێین، چونکە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر بووەتە سفر و بەرهەمی کارەبای وێستگە گازییەکان نەماوە".
ئەنوەر حەمەسەعید دەڵێت، "لەکۆی شەش بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سنووری سلێمانی، دوو بەڕێوەبەرایەتییان چوونەتە ناو پڕۆژەی رووناکی، چوار بەڕێوەبەرایەتییەکەی دیکە کارەبای 24 کاژێرییان نەبووە، بۆ هەموو سنووری سلێمانی پێش هێرشەکە سنووری پڕۆژەی رووناکی 24 کاژێر و ناوچەکانی دیکەش 15 کاژێر کارەبا دابەشكراوە، کە پێویستیمان بۆ کارەبا لەو کاتەدا لە نێوان 650 بۆ 900 مێگاوات بووە".
لەبارەی کاتی ئاسایی بوونەوەی دابەشکردنی کارەبا، ئەنوەر حەمەسەعید دەڵێت، "هەر کاتێک لە کۆرمۆر بەرهەمهێنانی گاز ئاسایی بووەەوە، ئەو کاتە دابەشکردنی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، چونکە هۆکاری کێشەکە وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا نییە، بەڵکو بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و گازەوە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کوژاونەتەوە".
ئەو وێستگانەی کارەکانیان راگرتووە ئەمانەن:
- وێستگەی سلێمانی
- وێستگەی بازیان
- وێستگەی هەولێر و وێستگەی دهۆک
لەبارەی ئەو وێستگانەی ئێستا کاردەکەن و کارەبا دابیندەکەن، ئەنوەر حەمە سەعید دەڵێت، "هەر دوو وێستگەی کارەبای بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان کاردەکەن، لە وێستگەی دووکان سێ یەکە و لە وێستگەی دەربەندیخان یەک یەکە کاردەکەن، هەروەها وێستگەی 51 مێگاواتی تاسلوجە، وێستگەی 29 مێگاواتی سلێمانی، وێستگەی ئەگریکۆ لە گەرمیان کاردەکەن، لە هەولێریش وێستگەکانی خورمەڵە و خەبات و لە دهۆکیش وێستگەی باعەدرێ بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی کارەبا".
ئەنوەر حەمەسەعید دەڵێت "ئەو وێستگانەی کاردەکەن نەوتی رەش وەک سووتەمەنی بەکاردەهێنن، بە هەموو توانایەکی خۆیان بەرهەم دەهێنن و ناتوانن بەرهەمی زیاتر دابین بکەن".
شەوی یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەم، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، بەهۆیەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا و بەو هۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی کەمبووەوە.
لەبارەی بوونی کۆگا بۆ هەڵگرتنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەنوەر حەمەسەعید دەڵێت "دیارە لە کۆرمۆر چەند جارێک هێرشکراوەتە سەر دامەزراوەکان و دوو کۆگا کە خەزانی هەڵگرتنی گازبوون لەو هێرشانەدا لەناوبراون، کە دروستکردنیان بودجەیەکی زۆری بۆ خەرجکراوە، کە چاککردنەوەشیان بودجە و کاتێکی زۆریان دەوێت".
بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی دەڵێت، "وێستگەکان بڕێکی زۆری گاز بەکاردەهێنن کە ناتوانرێت لە کۆگادا ئەو بڕە زۆرانە هەڵبگیرێت، ئەگەر لە دنیادا کۆگایەکی لەو شێوازەش هەبێت دەتوانێت گاز بۆ 40 تاوەکو 50 کاژێر کارکردنی وێستگەکان هەڵبگرێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ئەو کۆگایانەین نییە".
ئەنوەر حەمەسەعید دەڵێت، "لەرووی زانستییەوە دروستکردنی خەزانی گاز کارێکی قورسە، جگە لەوەش پاراستن و چاودێریکردنی کارێکی سەختە".


