رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر رایدەگەیێنێت، تۆڕی ئاوەڕۆی شارەکە بەپێی ئەو دیزاینەی بۆی کراوە توانای بەرگەگرتنی تاوەکو 20 ملیمەتر بارانبارینی لە کاژێرێکدا هەیە، بەڵام لە لافاوەکەی شەوی شەممەدا لە هەندێک ناوچە زیاتر لە 125 ملیمەتر باران باریوە و رووبارێک ئاو هاتووەتە خوارەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەندازیار زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکەشی کرد، هۆکاری دروستبوونی لافاوەکەی روونکردەوە و گوتی: "لە سنووری هەولێر زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر تۆڕی ئاوەڕۆمان بە قەبارەی جیاواز هەیە و ژێرخانی شارەکە ئامادەیە؛ کێشەی سەرەکی زۆریی بڕی بارانبارینەکە بوو لە ماوەیەکی کەمدا."
دیزاینەکە بەرگەی ئەو بڕە بارانەی نەدەگرت
بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر گوتی: "ئەم دیزاینە هی نزیکەی 40 ساڵ لەمەوبەرە، ئەگەر لە کاژێرێکدا تاوەکو نزیکەی 20 ملیمەتر باران ببارێت، ئاوەڕۆکان هیچ کێشەیەکیان نابێت؛ بەڵام لە سەنتەری شار زیاتر لە 70 ملیمەتر و بەپێی داتاکانی کەشناسیش، لە بەرزاییەکانی باخومەنارە و پیرەڕەش زیاتر لە 125 ملیمەتر باران لە ماوەی دوو کاژێردا باریوە، ئەمەش وایکرد رووبارێک لە ئاو بەرەو نێو شار بێتە خوارەوە."
زەردەشت عەبدولخالق ئاماژەی بەوەش کرد، لەو سنوورەدا زیاتر لە 16 ئاوەڕۆی سندووقیی گەورەیان هەیە، بەڵام کاتێک لە ماوەیەکی کەمدا ئەو هەموو ئاوە زۆرە بەسەریەکەوە دێت، زۆر سرووشتییە کە ئاو سەرڕێژ بکات و لە چەند شوێنێک کۆببێتەوە.
سەبارەت بە کاری تیمەکانیش، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر دڵنیایی دا کە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆ بەردەوامیلە ئەرکدان و سەرقاڵی پاککردنەوەی رێڕەوەکان و دەرچەکانی ئاوەڕۆن لە قوڕولیتە تاوەکو ئامادەکاری بۆ هەر شەپۆلێکی دیکە بکرێت.
شەوی شەممەی رابردوو، شەپۆلێکی بەخوڕی بارانبارین هەولێری گرتەوە؛ لە ئەنجامی لافاوەکەدا دوو هاونیشتمانی (منداڵێک و گەنجێک کە بە مەبەستی رزگارکردنی خەڵک چووبوو) گیانیان لەدەستدا، هەروەها زیانی ماددیی زۆر بەر دەیان ماڵ، ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 250 دووکانی بازاڕەکانی نێو شار کەوت.


.jpg&w=3840&q=75)