رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە و لیژنەی موەلیدەکانی هەولێر رایگەیاند، لەمڕۆوە کار بە خشتەیەکی نوێ دەکەن و هەر موەلیدەیەک پابەند نەبێت سزا دەدرێت. بەرپرسی موەلیدەکانی سلێمانیش دەڵێت، داوایان لێ نەکراوە کار بە موەلیدەکان بکەن.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ پارێزگای هەولێر کۆبوونەتەوە و بڕیاریان داوە بۆ ئەم دۆخە خشتەیەک بۆ کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان دابنێن و لەمڕۆوە بچێتە جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی خشتە نوێیەکەی هەولێر، بەیانیان لە کاژێر 07:00ی بەیانی تاوەکو 09:00ی بەیانی؛ هەروەها نیوەڕوان لە کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 01:00ی شەو لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدەکان دەبێت کارەبا بدەنە هاوبەشان.
خۆرانی گوتی: "هەر خاوەن موەلیدەیەک پابەندی بڕیارەکە نەبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت".
لەبارەی نرخی ئەمپێری موەلیدەشەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر گوتی: "نرخ دیاری نەکراوە، بەڵام پێشتر لە زۆرینەی گەڕەکەکان بۆ 160 کاژێر کارکردنی موەلیدە بۆ یەک ئەمپێر 10 هەزار دینار وەرگیراوە، بۆ ئەم خشتەیە دواتر نرخی نوێ رادەگەیێندرێت".
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت: "هیچ داوایەکمان بۆ نەهاتووە کار بە موەلیدەکان بکەین، کارەبای نیشتمانیش زۆر نابڕێت و دوو بۆ سێ کاژێر نییە".
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوانن ئەگەر کێشەی کارەبا درێژە بکێشێت، ئەو کاتە بەفەرمی داوایان لێ بکرێت کار بە موەلیدەکان بکەن.
لە دهۆک پێش کەمبوونەوەی زیاتری کارەبا، موەلیدەکان بەردەوام بوون لە کارکردن و مانگانە لە کۆتایی مانگەکەدا بەگوێرەی کاژێرەکانی کارکردن پارەی ئەمپێر دیاری دەکرێت.
شەوی یەکشەممە 08-11-2026 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ، لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە راگیرا.
دوای هێرشەکە هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "کاژێر 11:00ـی شەو لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێرشە تیرۆریستییەکە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاژێرەکانی پێدانی کارەبا هەبێت لەسەر هاوبەشانی کارەبا و بە زووترین کات بارودۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە".

.jpg&w=3840&q=75)

