رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی نەوت و کانزاکان دڵنیایی دەدەنە هاونیشتمانییان، تاوەکو ئاساییبوونەوەی دۆخەکە گازی پێویست بەردەستە و بە هەمان نرخیش دابەش دەکرێ.
شەوی یەکشەممە 08-11-2026 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ، لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە راگیرا، لەنێویاندا گازی شل.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 09-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێویست بە نیگەرانی ناکات و گازی کۆگاکراوی ماڵانمان هەیە و تاوەکو دوێنێ دابەشکردن چۆن بووە بە هەمان شێوە دەبێت".
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتی: "ئێمە بەردەوام رێکارمان بۆ دۆخێکی لەم جۆرە لەبەرچاو گرتووە و گازمان کۆگا کردووە، بۆیە تاوەکو ماوەیەکی زۆریش گاز نەگات، هیچ کێشەیەک دروست نابێت و دابەشکردن بەردەوام دەبێت و بوتڵی بە هەشت هەزار و 500 دینار".
هاوکات فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ کێشەمان نییە و گازی کۆگاکراو هەیە. ئۆتۆمبێلی بریکارەکان بە گەڕەکەکاندا دەگەڕێن و گاز دابەش دەکەن".
قایمقامی سلێمانی داوای لە هاونیشتمانییان کرد، بەگوێرەی پێویستی گاز وەربگرن و گوتی: "بە هەمان نرخ و شێوازی دابەشکردنی پێشوو گاز دابەش دەکرێ، نۆرەگرتن و قەرەباڵخی پێویست نییە".
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دڵنیایی دەدەین کە کەمیی گازی ماڵانمان نییە. ئەو کەمبوونەوەیەی بەهۆی وەستانی کار لە کێڵگەی کۆرمۆر دروستبووە بە گازی کۆگاکراو پڕی دەکەینەوە".
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، جگە لە گازی کۆرمۆر، رۆژانە "بڕێکی باش" پشکی گازی شل لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێ و ناردنی بەردەوامە.
بەهۆی هێرشەکەوە پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانیی لە هەرێمی کوردستان کەم بووەوە.
دوای هێرشەکە هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "کاژێر 11:00ـی شەو لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێرشە تیرۆریستییەکە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاژێرەکانی پێدانی کارەبا هەبێت لەسەر هاوبەشانی کارەبا و بە زووترین کات بارودۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە".
.jpg&w=3840&q=75)


