رووداو دیجیتاڵ
لە لافاوەکەی شەوی رابردووی شاری هەولێردا، نزیکەی 260 دووکان لە بازاڕەکانی لەنگە و شێخەڵڵا ئاو چووەتە نێویان و زیانییان بەرکەوتووە. بەرپرسانی شارەوانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە هاتنە ناوهوەی لێشاوی ئاوی دەرەوەی شار بەرەو سەنتەر، هۆکاری سەرەکیی ژێرئاوکەوتنی دووکانەکان بووە.
رۆژی یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەد رەزا، بەڕێوەبەری شارەوانیی چوار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی لافاوەکەی دوێنێ شەو زیانێکی زۆر بەر بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتووە. بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، نزیکەی 200 دووکان لە لەنگەی 40 مەتری زیانیان پێگەیشتووە."
سەبارەت بە هۆکاری لافاوەکە، بەڕێوەبەری شارەوانیی چوار گوتی: "ئێمە پێشبینیی ئەم بارانەمان کردبوو، بەڵام بڕی بارانەکە دوو هێندەی پێشبینییەکانمان بوو. پێشوەختە بە تەواوی ئامادەکاری کرابوو و هیچ کەموکوڕییەک نەبوو، تەنانەت لەگەڵ دەستپێکردنی بارانەکە تیمەکانمان لە شوێنە دیاریکراوەکان جێگیر کرد و هیچ ئاوەڕۆیەکیش نەگیرابوو، کە پێشتر پاک نەکرابێتەوە".
ئەحمەد رەزا دەڵێت: "کێشە سەرەکییەکە ئەوە بوو کە ئاوی دەرەوەی هەولێر لە سنووری کەسنەزان، سێبەردان و ئەو ناوچانەوە هاتە نێو سەنتەری شار و بووە هۆی زیانگەیاندن بە دووکانەکان."
هاوکات بازاڕی شێخەڵڵاش لە سەنتەری شاری هەولێر بەهۆی لافاوەوە زیانی پێگەیشت. سەنگەر محەممەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک بە رووداوی راگەیاند: "ئاو چووەتە نێو 50 بۆ 60 دووکانی بازاڕی شێخەڵڵا و زیانی مادیی پێگەیاندوون. سەرجەم ئامادەکارییەکان کرابوون، بەڵام هۆکارەکەی بارینی بڕێکی زۆری باران بوو لە ماوەیەکی کەمدا، هەروەها ئاوی دەرەوەی هەولێریش گەڕایەوە نێو سەنتەر."
سەبارەت بە رێژەی بارانبارینەکە، سەنگەر محەممەد روونیکردەوە: "لە دەرەوەی هەولێر نزیکەی 70 ملیمەتر و لە نێو سەنتەریش 40 ملیمەتر باران باریوە، کە بە هەمووی دەکاتە زیاتر لە 100 ملیمەتر باران. بارینی ئەم بڕە زۆرە لە چەند کاژێرێکی کەم و بە شێوەیەکی خێرا، بووە هۆی دروستبوونی ئەو لافاوە."
شەوی شەممە شەپۆلێکی چڕ و بەهێزی بارانبارین و هەورەبرووسکە سنووری پارێزگای هەولێری گرتەوە، بەهۆیەوە لە چەندین شەقام، گەڕەک و ناوچەی بازرگانیی نێو شار لافاو دروستبوو. بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست دا و زیانیش بە دەیان ماڵ و ئۆتۆمبێل گەیشت.


