رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەو لافاوە بەهێزەی رۆژی شەممە شاری هەولێری گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانی و زیانێکی ماددیی زۆر، هەوڵەکان بۆ پاککردنەوەی شار و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان چڕکراونەتەوە. لە کاتێکدا بەرپرسانی حکومی بەڵێنی لێکۆڵینەوە لە هۆکار و کەمتەرخەمییەکان دەدەن، دەزگا خێرخوازییەکان و خۆبەخشان لە گەڕەکە زیانلێکەوتووەکاندا دەستی هاوکارییان بۆ لێقەوماوان درێژ کردووە.
بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، بەشێوەیەکی مەیدانی چووە گەڕەکی شێخ ئەحمەد، یەکێکە لەو گەڕەکانەی زیانی زۆری لە لافاوەکە بەرکەوتووە.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە گەڕەکی سێبەردان کە یەکێکە لە ناوچە زۆر زیانلێکەوتووەکان، بە فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداوی گوت: "زیانێکی زۆر بەر موڵکی گشتی و خەڵکیش کەوتووە. پێنج گەڕەک زیانی زۆریان بەرکەوتووە و تیمەکان بۆ دیاریکردنی زیانەکانی ماڵ و ئۆتۆمبێلی خەڵک پێکهاتوون."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی ئاو لە هەندێک شوێندا لەنێوان 80 سانتیمەتر بۆ یەک مەتر بەرزبووەتەوە و گوتی، "بیانوو نادۆزینەوە، بەڵام ئەوەی روویدا بەشێکی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوایە."
سەرۆکی شارەوانی دڵنیایی دا کە "چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێ و هۆکارەکانی لافاوەکە دیاری دەکەین. هەرکەسێک کەمتەرخەم بووبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
هاوکات، شارەوانیی هەولێر داوای لە حکومەتی عێراق کرد قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە و ئاماژەی بەوە دا کە قەرەبووی لافاوەکەی ساڵی 2021ـیش هێشتا لەلایەن بەغداوە خەرج نەکراوە.
لەناو دیمەنە خەمناکەکانی کارەساتەکەدا، چەندین چیرۆکی مرۆیی و قوربانیدان تۆمار کران. رێباز محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی شێخ ئەحمەد، لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی دراوسێکانی، قاچی لە سێ شوێنەوە شکا. ئەو لە (بەرپرسیار) گوتی: "ژیانی خەڵکیم لا گرنگتر بوو. چوار خێزانم رزگار کرد کە نزیکەی 20 کەس دەبوون، بەڵام هەموو کەلوپەلی ماڵەکەی خۆم ژێرئاو کەوت، پێنج منداڵم دەخوێنن، تەنانەت قەڵەمێکیشیان دەرنەچوو."
لە وەڵامێکی خێرادا، حاجی حاتەم عەبدولکەریم، خاوەنی کارگەیەکی مۆبیلیات، لە کاتی بەرنامەی "بەرپرسیار"دا و لە شوێنی لافاوەکە، دەستبەجێ بەڵێنی دا کە کەلوپەلی نوێ بۆ ماڵی رێباز دابین بکات و تیمێکیش بۆ پاککردنەوەی ماڵەکەی بنێرێت. هەروەها پاککردنەوە و دابینکردنی پێداویستیی 15 ماڵی دیکەی زیانلێکەوتووی لە ئەستۆ گرت.
بارزان، شایەتحاڵی گیانلەدەستدانی محەممەد رەسووڵە، ئەو گەنجەی لە کاتی رزگارکردنی خەڵکدا لە گەڕەکی سێبەردان خنکا، چیرۆکەکەی بەمجۆرە لە (بەرپرسیار) گێڕایەوە و گوتی، "محەممەد سەرەتا کەسێکی لەسەر ماتۆڕێک رزگار کرد، دواتر بۆ یارمەتیدانی دوو کەسی دیکە چوو کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا گیریان خواردبوو، بەڵام بەهۆی بەهێزیی ئاوەکەوە، لافاوەکە لەگەڵ خۆی بردی و گیانی لەدەستدا."
موسا ئەحمەد، بەڕێوەبەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە (بەرپرسیار) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە 10 تیمیان لە گەڕەکەکانی سێبەردان، هەولێری نوێ و شێخ ئەحمەد بڵاوکردووەتەوە و سێ جۆر هاوکاری پێشکەش دەکەن: "پاککردنەوەی شوێنەکان، تۆمارکردنی زیانەکان، و دابینکردنی خواردنی گەرم.
موسا ئەحمەد، گوتی: "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایسپاردووین کە هاوکاریی لێقەوماوان بکەین و هەرچی پێویست بێت بۆ خەڵکی خۆمان دەیکەین."
ئەندازیار پێشەوا بارزان، پسپۆڕی بواری سەرچاوەکانی ئاو، هۆکارێکی سەرەکیی دروستبوونی لافاوەکەی لە (بەرپرسیار) بۆ گۆڕانکاری لە ماستەرپلانی شاری هەولێر و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان گەڕاندەوە. ئەو گوتی، "ئەگەر لە کاژێرێکدا 30 ملم ببارێت، لافاو دروست دەبێت. لە راپۆرتی ماستەرپلاندا هاتووە کە باکوور و رۆژهەڵاتی هەولێر دەبێت وەک ناوچەی سروشتی بپارێزرێن، بەڵام پڕۆژەی گەورەی نیشتەجێبوون لەو ناوچانەدا دروستکراون کە رێڕەوی سروشتیی ئاون."
لە کاتێکدا هەوڵەکانی پاککردنەوە بەردەوامن و تیمێکی 300 کەسیی سەر بە ئەندازەی پارکەکان خەریکی کارن، قەبارەی زیانەکان هێشتا بەتەواوی نەخەمڵێندراوە و چاوەڕوان دەکرێت چەند رۆژێکی دیکە بخایەنێت تاوەکو ژیان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا ئاسایی ببێتەوە.
.jpeg&w=3840&q=75)
