رووداو دیجیتاڵ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر لە 130 کارمەندی بەسەر سێ گرووپدا لەو گەڕەکانەی شاری هەولێر بڵاوکردووەتەوە، کە لافاو زیانی پێگەیاندوون، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندن دەزگاکەش دەڵێ، تاوەکو ئێستاش نزیکەی 100 ماڵ و حەوت دووکانیان پاککردووەتەوە و 500 ژەمە خۆراکی گەرمیان بەسەر خێزانە زیانلێکەوتووەکاندا دابەشکردووە.
رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەیوب محەممەد بابەکر، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندن لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تیمەکانمان لە شەوی رابردووەوە بە هانای خەڵکی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی هەولێرەوە چوون. لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە 130 کەس لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەسەر سێ گرووپدا دابەشکراون و لەنێو ئەو گەڕەکانەدا کار دەکەن کە بەهۆی بارانبارینەوە زیانیان بەرکەوتووە."
سەبارەت بە دابەشبوونی ئەرکی تیمەکانیان لە گەڕەکەکاندا، ئەیوب محەمەد بابەکر گوتی: "تیمێکیان لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئامار و زانیاریین لەسەر زیانەکان، هەروەها بەشێکی دیکەیان هاوکاریی تیمەکانی شارەوانی و بەرگریی شارستانی دەکەن لە پاککردنەوەی ماڵ، کۆڵان و شەقامەکان، تیمێکی دیکەمان خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش دەکات کە لافاو زیانی پێگەیاندوون."
بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندن لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بە قەبارەی هاوکارییەکان کرد و گوتی: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 ماڵ و حەوت دووکان لە قوڕولیتە و پاشماوەی لافاو پاککراونەتەوە، هاوکات 500 ژەمە خۆراکی گەرم بەسەر هاووڵاتییانی لافاولێدراودا دابەشکراوە."
شەوی شەممە، شەپۆلێکی چڕ و بەهێزی بارانبارین سنووری پارێزگای هەولێری گرتەوە و لە چەندین گەڕەک و ناوچەی شارەکە ئاستی ئاو بەرزبووەوە و لافاو دروستبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لەو شەپۆلەدا نزیکەی 70 ملیمەتر باران لە شاری هەولێر باریوە. بارینی ئەو بڕە بارانە زۆرە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی لێکەوتەوە و بەهۆی چوونەژوورەوەی ئاو و دروستبوونی قوڕولیتەش، زیانی مادی بەر دەیان ماڵ، دووکان و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان کەوت.

