رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی لافاوەکەی شەوی رابردووی شاری هەولێردا، کاتێک لە ژێرپردی نەخۆشخانەی رزگاری ئاو بە بەرزیی نزیکەی سێ مەتر بەرزبووەوە و چەندین کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیریان خواردبوو، گەنجێکی پەنابەری خەڵکی سووریا بە هانایانەوە چوو و چوار کەسی لە مەترسیی مەرگ و خنکان رزگار کرد.
محەممەد عەبوود، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵانی خەڵکی شاری دێرەزووری سووریایە و لە نزیک شوێنی رووداوەکە نیشتەجێیە؛ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەیامنێری رووداو، چیرۆکی ئەو شەوە ترسناکەی گێڕایەوە و گوتی: "لە پەنجەرەی ماڵەوە سەیرمان کرد، لە ماوەی پێنج بۆ دە خولەکدا ئاوەکە نزیکەی سێ مەتر بەرزبووەوە، خەڵک لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا نوقم دەبوون و هاواریان دەکرد؛ نەمانتوانی بەرگە بگرین و دەستبەجێ بە راکردن چووینە خوارەوە."
محەممەد بە ئازایەتییەوە لە نێو تەوژمی بەهێزی لافاو و مەترسیی تەزووی کارەبای ستوونەکان خۆی هەڵدایە نێو ئاوەکە و باسی لە کاتی رزگارکردنی هاووڵاتییان کرد و گوتی: "کەسێک نزیکەی 20 مەتر لەژێر پردەکە کەوتبووە پێشەوە، چووم بۆ لای و بە گوریس لەگەڵ خۆم دەرمهێنا. لەم لایەوە سێ کەس خەریک بوو بخنکێن و لە دیوەکەی دیکەش پیاوێکی بەتەمەن، هەموومان رزگار کردن."
ئەو گەنجە رزگارکەرە گوتیشی: "دۆخەکە زۆر مەترسیدار بوو، تەوژمی ئاو ئەوەندە بەهێز بوو هەر کەسێک بچووبایە رەنگە دەرنەچووبا، بەڵام مرۆڤ لە پێش چاوم گیانی دەردەچوو، خۆ ئەگەر باڵندەیەکیش بێت دڵت پێی دەسووتێت، ئیدی چۆن بۆ مرۆڤ وا نابێت؟ پشتم بە خوا بەست و چوومە نێو ئاوەکە."
سەبارەت بەوەی چۆن فێری مەلەوانی بووە بۆ ئەوەی لەو دۆخە سەختەدا بتوانێت مەلە بکات، محەممەد بە پەیامنێری رووداوی گوت: "من خەڵکی دێرەزوورم، ماڵمان لە کەناری رووباری فوڕات بوو، لە منداڵییەوە لەوێ فێری مەلەوانی بووم و هەر ئەوەش یارمەتیدەرم بوو."
ئەو چوار کەسەی محەممەد رزگاری کردن، پیاوێکی بەتەمەنی 60 ساڵان، گەنجێکی 35 ساڵان و دوو هاووڵاتیی بیانی بوون کە یەکێکیان بەنگلادیشی بوو. محەممەد دەڵێت: "ئەو کەسانە ئەوەندە ترسابوون لە شۆکدا نەیاندەتوانی قسە بکەن، بەنگڵادیشییەکەم هێنایە ماڵەوە تاوەکو جلەکانی بگۆڕێت، دووانیشیان بە ئەمبوڵانس گەیێندرانە نەخۆشخانە."
محەممەد عەبوود بە هەستێكی پڕ لە مرۆڤدۆستییەوە گوتی: "من هیچم نەکردووە، هەر کەسێکی دیکەش توانای هەبووایە لە شوێنی من هەمان شتی دەکرد."
شەوی رابردوو، بەهۆی بارینی نزیکەی 70 ملیمەتر باران لە ماوەیەکی کەمدا، لافاو لە چەندین گەڕەک و ژێرپردی شاری هەولێر دروستبوو، کە بەهۆیەوە منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ و گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ گیانیان لەدەستدا و زیانی ماددیی زۆریش بە ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیشت.

