رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ بەغدا رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تەواو کرد، زیاتر لە 834 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەمێک پێش ئێستا 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان."
بە گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە بۆ سەر هەژماری وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، دەست بە رێکارەکانی ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەپێی ئەو خشتەیەی کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە رادەگەیێندرێت.
کاژێرێک دوای هەواڵەکەی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی دارایی لە
راگەیێندراوێکدا بڕەکەی پشتڕاستکردەوە و راگەیاند، 834 ملیار و 920 ملیۆن بۆ
مووچەی مانگی 10 نێردراوە، هەروەها بەغدا بەهۆی داهاتی نانەوتی و شایستەی خانەنشینان
زیاتر لە 124 ملیار دیناری بڕیوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە،
بەڵام بەهۆی رێکارە تەکنیکییەکان و پشووی فەرمیی کۆتایی هەفتەی بانکی ناوەندی،
گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری مووچەخۆران دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە.
بەیانی ئەمڕۆ شکۆ عومەر، پەیامنێری رووداو لە بەغدا ئەمڕۆ چوارشەممە 04-11-2026 رایگەیاند، "سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێی راگەیاندنین، مووچەی مانگی 10ی هەرێمی کوردستان خەرج کرا و خرایە سەر هەژماری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
رۆژی 22-10-2026، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوولی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد.
بۆ مووچەی رابردوو، بەپێی خشتەی راگەیێنراوی وەزارەتی دارایی، رۆژی 11-10-2026 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول کرا و پرۆسەکە تاوەکو 14ـی تشرینی یەکەم بەردەوام بوو.




