رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی رانیە – دووکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە؛ بەڕێوەبەری پڕۆژەکە رایدەگەیێنێت، سبەی چوارشەممە 14 کیلۆمەتر لە سایدێکی رێگەکە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.
ئەندازیار محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای گەردین، ئەمڕۆ سێشەممە 03-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی چوارشەممە 14 کیلۆمەتر لە رێگەکە بەڕووی شۆفێراندا دەکەینەوە و کارکردنیش لە پڕۆژەکە بەردەوامە".
پڕۆژەکە بەناوی رێگەی (دووکان - چوارقوڕنە)یە، سەرەتای ساڵی 2009 بەردی بناخەی دانرا، بڕیار بوو پڕۆژەکە بە سێ قۆناخ لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام یەک قۆناخیان تەواو کرا و پڕۆژەکە راگیرا، ئەیلوولی 2025 دەستی پێکردەوە.
بە گوتەی محەممەد ئەحمەد، جگە لەو بەشەی سبەی دەکرێتەوە، لە هەموو قۆناخەکانی پڕۆژەکە بە چڕی کارکردن بەردەوامە و پلانیان وایە لەکاتی خۆیدا رادەستی حکومەتی بکەن.
رێگەکە ستراتیژییە، جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و قەزای دووکان، بۆ هاتووچۆی نێوان هەولێر و سلێمانیش بەکاردەهێندرێت.
هەموو رێگەکە 53 کیلۆمەتر و نیوە؛ ساڵانی رابردوو 18 کیلۆمەتر و نیوی لەلایەن هەمان کۆمپانیاوە تەواو کراوە و ئەوەی ماوەتەوە 35 کیلۆمەترە.
حکومەت بۆ تەواوکردنی کۆی پڕۆژەکە 1000 رۆژی دیاریکردووە و دەبێت تاوەکو ئایاری 2028 تەواو ببێت. بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، تەواوی رێگەی رانیە بۆ سلێمانی دەبێتە دوو ساید.

