رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی گردەسێنی سەر بە قەزای ئاکرێ شەڕ لەنێوان دوو خێزاندا دروستبوو و دوو کەس بریندار بوون، کە یەکێکیان کچێکی تەمەن 16 ساڵە؛ پۆلیسی ئاکرێش دەستگیرکردنی حەوت کەسی راگەیاند.
رۆژی دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، پۆلیسی قەزای ئاکرێ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە تیمەکانی پۆلیس ئاگادار کراونەتەوە کە لە ناوەندی ناحیەی گردەسێن شەڕ لەنێوان دوو لایەندا دروستبووە کە خزم و کەسوکاری یەکدین.
لەوبارەیەوە سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن بە رووداوی گوت: "شەڕەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دروستبووە و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بارودۆخەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە."
پۆلیسی ئاکرێ ئاماژەی بەوە کردووە، دەستبەجێ هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، دەرکەوتووە لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللە دوو کەس بریندار بوون؛ یەکێکیان کچێکی تەمەن 16 ساڵە کە هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕەکەوە نەبووە، لەگەڵ برینداربوونی کەسێکی دیکە کە سەر بە یەکێک لە لایەنە شەڕەکان بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە لە ئاکرێ، تاوەکو ئێستا حەوت تۆمەتبار دەستبەسەر کراون و فەرمانی گرتن بۆ ژمارەیەک تۆمەتباری دیکەش دەرچووە.
ئەم پێکدادانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لە سنووری قەزای ئاکرێ سێ کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
پۆلیسی ئاکرێ روونیکردووەتەوە کە لە ئێستادا رەوشەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.



.png&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)