رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی دیارنەمانی زیاتر لە یەک ملیار دینار لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سکاڵا لەسەر بەڕێوەبەرێکی ئەو وەزارەتە تۆمار کراوە؛ سەرۆکی دەستەی دەستپاکیش دەڵێت، سکاڵاکە گەیشتووەتە لای ئەوان، بەڵام پەڕاوی لێکۆڵینەوەکە هێشتا رەوانەی دادگە نەکراوە.
رۆژی دووشەممە، 2ـی تشرینی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە هەفتەیەکە بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی کە بەهاکەی زیاتر لە یەک ملیار دینارە تۆمەتبار کراوە. ئەو بڕە پارەیە لە وەزارەت دیار نەماوە و لیژنەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە پێکهێندراوە."
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، بەرپرسەکە ناوی (ک. م) پۆستێکی باڵای لە نێو وەزارەتدا هەیە؛ تۆمەتبارە بە دیارنەمانی زیاتر لە یەک ملیار دینار لە تەندەرێکی وەزارەتی تەندروستیدا.
دەستەی دەستپاکی: سکاڵاکە تۆمار کراوە
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو تۆمارکردنی سکاڵاکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "سکاڵایەک لەسەر فەرمانبەرێکی وەزارەتی تەندروستی کراوە و دوو رۆژە لە لای ئێمە لە دادگەی نەزاهە تۆمار کراوە، بەڵام سەبارەت بە دەستگیرکردن یان مانەوەی لە زینداندا ناتوانم هیچ پشتڕاست بکەمەوە، چونکە هێشتا دۆسیەکە نەهاتووەتە دادگەی دەستپاکی."
.webp&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)

