رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ لە ناوچەی پیشەسازیی قەزای کەلار، تەرمی دوو گەنج لە نێو خانوویەکی سەربانی دووکانێکدا دۆزراونەتەوە کە بە دەستڕێژی گولـلـە کوژراون.
عەقیدی پۆلیس، سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ئاگادار کراینەوە بە بوونی دوو تەرم لە ناوچەی پیشەسازیی قەزای کەلار. دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت دوو کەس کە ئاسەواری فیشەکیان پێوەیە لە نێو خانوویەک لە سەربانی دووکانێک گیانیان لەدەستداوە."
سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەکان، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاشکرای کرد:
سامان سەردار محەممەد، لەدایکبووی ساڵی 1991، دانیشتووی گەڕەکی سیروان.
محەممەد عەلی رەشید، لەدایکبووی ساڵی 1997، پیشەی فیتەر.
عەقید سۆران محەممەد غەریب ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵگەکان لە شوێنی تاوانەکە کۆکراونەتەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکار و چۆنیەتیی رووداوەکە کراوەتەوە.
لە ئێستاشدا بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاریی پزیشکی، تەرمی هەردوو گەنجەکە رەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کراون.



