رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی تۆبزاوای سەر بە ناحیەی رۆڤیا لە بادینان، خێزانێکی حەوت کەسی لە بارودۆخێکی سەختی ئابووری و تەندروستیدا دەژین. دوو منداڵی ئەم خێزانە، ئەبوبەکری تەمەن 16 ساڵ و رۆندکی تەمەن 4 ساڵ، تووشبووی نەخۆشیی سکماکیی "لێوی کەروێشکی"ن، کە بووەتە هۆی شێواوییەکی بەرچاو لە لێو و مەڵاشوویان و گەشتێکی درێژ و پڕ لە ئازاری چارەسەری بۆ ئەوان و خێزانەکەیان دروستکردووە.
عەبدولحەمید عەبدولعەزیز، باوکی منداڵەکان، کە چوار ساڵە بەهۆی نەخۆشیی بڕبڕەی پشتەوە توانای کارکردنی لەدەستداوە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، گوتی: "ئەگەر توانام هەبووایە، نەدەهاتمە سەر شاشەی تەلەڤیزیۆن. بۆ چارەسەریی نەخۆشیی منداڵەکانم پێویستمان بە هاوکارییە."
بۆ ئەم خێزانە، ژیان تێکەڵەیەکە لە چاوەڕوانیی نەشتەرگەری و خەمی بژێوی. عەبدولحەمید، کە پێشتر کاشیکار بووە، ئێستا نەک هەر ناتوانێت کار بکات، بەڵکو خۆیشی پێویستی بە چارەسەرە. تەنیا سەرچاوەی داهاتی خێزانەکە مووچەی کوڕە گەورەکەیان، عومەری 18 ساڵانە، کە ناچار بووە واز لە خوێندن بهێنێت و ماوەی چوار ساڵە لە هەولێر کرێکاری دەکات و مانگانە 550 هەزار دینار وەردەگرێت.
دۆخی منداڵە نەخۆشەکان لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە زۆر سەختە. ئەبوبەکر، کە قوتابی پۆلی 10یە، بەهۆی شێوەی رووخسارییەوە لە قوتابخانە رووبەڕووی گاڵتەپێکردن دەبێتەوە. ئەو لە (بەرپرسیار) گوتی: "کاتێک دەچمە قوتابخانە، قوتابییەکان گاڵتەم پێدەکەن، کە دەچمەوە ماڵەوە بێتاقەت دەبم و ناتوانم وانەکانم بخوێنم." ئەم فشارە دەروونییە وایکردووە ساڵی پار لە خوێندن داببڕێت، هەرچەندە بە هەوڵێکی زۆر گەڕاوەتەوە، بەڵام وەک باوکی دەڵێت، "زۆر هەست بە کەمی دەکات و بێتاقەت دەبێت."
مهاباد شاکر، دایکی منداڵەکان، بە خەمێکی قووڵەوە لە (بەرپرسیار) باسی لەوەکرد، کە تەنانەت میوانەکانیش لە رۆندکی کچە بچووکەکەی دەترسن. ئەو گوتی: "منداڵان قسەی لەگەڵ ناکەن، بەڵام ئەو هەر بەدوایاندا دەڕوات." ئەو باس لە سەختیی بەخێوکردنیان دەکات و دەڵێت، "تا تەمەنی سێ ساڵی بە کەوچک شیرم پێدەدان، چونکە نەیاندەتوانی مەمەی شیریش بگرن."
دکتۆر عوسمان ئەبوبەکر، پسپۆڕی نەشتەرگەریی روو و شەویلگە، کە چارەسەری سەرەتایی بۆ هەردوو منداڵەکە کردووە، لە (بەرپرسیار) روونیکردەوە، کە حاڵەتی ئەبوبەکر و رۆندک لە جۆرە سەختەکانی "لێوی کەروێشکی"یە. ئەو دەڵێت، "چارەسەری ئەم حاڵەتە تەنیا یەک نەشتەرگەری و یەک پسپۆڕی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەنە و پێویستی بە چوار پسپۆڕی جیاواز هەیە و تا تەمەنی 18 ساڵی دەخایەنێت."
بەپێی گوتەکانی دکتۆر عوسمان، قۆناخەکانی چارەسەر بریتین لە: قاڵبی مەڵاشوو لە ساواییەوە، نەشتەرگەریی لێو و مەڵاشوو لە ساڵی یەکەمدا، راستکردنەوەی ددان و فراوانکردنی شەویلگە لە دەوروبەری تەمەنی حەوت ساڵی، و لە کۆتاییدا نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت لە تەمەنی 18 ساڵیدا.
دکتۆر عوسمان، کە نەشتەرگەرییەکانی خۆی لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر بێبەرامبەر بۆ کردوون، دەڵێت، "ئەوەی پەیوەست بە من بووە، بۆم کردوون. ئێستا ئەبوبەکر پێویستی بە راستکردنەوەی ددان و جوانکاریی لووت هەیە."
بۆ خێزانەکەی عەبدولحەمید، کە تەنانەت پارەی هاتووچۆی نەخۆشخانەشیان نییە، دابینکردنی تێچووی ئەم قۆناخانە مەحاڵە. باوکی منداڵەکان گلەیی لە سیستەمی تەندروستیی حکومی دەکات و دەڵێت، "چوار ساڵ هاتووچۆی نەخۆشخانەم کرد، یەک نەشتەرگەرییان بۆ ئەبوبەکر نەکرد. لە حکومی تا نەشتەرگەرییەکت بۆ دەکەن دوو ساڵی پێدەچێت."
ئەم دۆخە سەختە کاریگەریی لەسەر هەموو منداڵەکانی دیکەش داناوە. نەسرینی 20 ساڵان، بەهۆی دووریی قوتابخانە، تەنیا تا پۆلی چواری خوێندووە. نازداری 14 ساڵانیش، کە ئێستا لە پۆلی حەوتە، هەمان چارەنووس چاوەڕێی دەکات، چونکە قوتابخانەی گوندەکەیان پۆلی 8ی نییە.
ئێستا، ئەبوبەکر و رۆندک لە چاوەڕوانیی دەستێکی یارمەتیدان تاوەکو بتوانن قۆناخەکانی دیکەی چارەسەر تەواو بکەن و وەک منداڵانی دیکە بە ئاسایی بژین. ئەبوبەکر بە هیواوە داوا لە خێرخوازان دەکات، "هاوکاریم بکەن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان، تاوەکو بە رووخسارێکی خۆشەوە بگەڕێمەوە قوتابخانە."