رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی سلێمانی نرخ و رێنمایی نوێی بۆ گەراج دەرکرد و سزای سەرپێچیکارانیشی دیاریکرد. بەرپرسانی هەولێریش دەڵێن، مانگی داهاتوو رێنمایی نوێ دەردەکەن و پێداچوونەوە بە نرخ و مەرجەکاندا دەکەن.
مەسعود مستەفا، کارگێڕی لیژنەی پشکنین و چاودێریی بازاڕ لە قایمقامیەتی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2010وە لیژنەیەکمان تایبەت بە گەراجەکان هەبووە. تاوەکو ئێستا کار بەو نرخەی ئەو کاتە دەکەین کە بریتی بوو لە 1000 دینار بۆ 1500 دینار بۆ گەراجی سەرکراوە و 2000 دینار بۆ گەراجی سەرداخراو."
بە گوتەی مەسعود مستەفا، زۆربەی گەراجەکان مەرجەکانیان تێدا نییە، "تاوەکو ئێستا گەراجێکی زۆر مۆدێرنمان نییە و ئەوەی هەیە گۆڕەپانە. هەندێک لە گەراجەکان مۆڵەتیان نییە، ئەوانەیشیان مۆڵەتیان پێنەدراوە، لەبەر ئەوەیە کە شوێنەکانیان شیاو نییە."
مەرجەکانی پێدانی مۆڵەت بە گەراج لە هەولێر بریتین لەوەی: نابێت زەوییەکەی خۆڵ بێت، دەبێت کامێرای چاودێری هەبێت، دیواری تایبەت بە خۆی هەبێت و لیستی نرخیش هەڵبواسرێت.
مەسعود مستەفا گوتیشی، "خەریکین ئەو گەراجانە رێکدەخەینەوە کە زەوییەکانیان خۆڵە و دیواریان نییە. مانگی داهاتوو بە دڵنیاییەوە رێنمایی و بڕیاری نوێ لەبارەی گەراجەکانەوە دەردەچێت."
قایمقامیەتی سلێمانی نرخی نوێی دیاریکردووە و بەسەر سێ جۆردا دابەشی کردوون.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی، بە رووداوی گوت، "سێ نرخ بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل لە گەراجەکاندا بۆ 5 کاژێر دیاریکراوە: گەراجی جۆری A بە 1000 دینار، جۆری B بە 1250 دینار و جۆری C بە 1500 دینار."
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی سلێمانی، دوای تێپەڕبوونی 5 کاژێر بەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێلەکەدا، نرخەکە دوو بەرامبەر دەبێت. هاونیشتمانییانیش دەتوانن لە کاتی بوونی هەر سەرپێچییەک یان وەرگرتنی پارەی زیاتر، لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی 07708677777 سکاڵا تۆمار بکەن.
قایمقامیەتی سلێمانی چەند رێنماییەکی دیکەشی دەرکردووە، لەوانە: نابێت گەراجەکان ئۆتۆمبێل لە شەقام و شۆستەکان رابگرن، دەبێت هەموو کارمەندەکانیان مۆڵەتی شۆفێرییان هەبێت و گەراجەکانیش کامێرای چاودێرییان هەبێت.
هەر گەراجێک سەرپێچی بکات، سزای دارایی دەدرێت کە لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 5 ملیۆن دینار دەڕوات، لەگەڵ ئەگەری داخستنی گەراجەکە و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردنی خاوەنەکەی.


