رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، ئامادەکاریی تەواویان بۆ رۆژانی فێستیڤاڵی هەنار کردووە و لە رێگەی نەخشەی (گۆگڵ ماپ)ـەوە رێنوێنیی شۆفێران و گەشتیاران دەکەن؛ هەروەها شوێنی راگرتنی زیاتر لە 15 هەزار ئۆتۆمبێلیش دابینکراوە.
عەقید رێباز کەمال، بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند: "ئەمساڵ بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆی گەشتیاران، نەخشەیەکی رێبەریمان لە گۆگڵ ماپ ئامادە کردووە تاوەکو شۆفێران بە ئاسانی و بەبێ دروستبوونی ئاستەنگ بگەنە شوێنی فێستیڤاڵەکە."
بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە باسی لەوە کرد، بەپێی پێشبینییەکانی گەشتوگوزار، چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 500 هەزار کەس لە شار و ناوچە جیاوازەکانەوە بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن، ئەمەش قەرەباڵخییەکی زۆر دروست دەکات.
عەقید رێباز کەمال گوتی: "بۆ رێگری لە قەرەباڵخی، چەندین رێگەی جێگرەوە دیاریکراون و لە سبەی بەیانی کاژێر 06:30ـەوە مەفرەزەکانمان بڵاوەیان پێدەکرێت. هەروەها رێگە بە پاسی گەورەی گەشتیاری نادرێت بچنە ناو شارەوە، بەڵکو لە یاریگەی نێودەوڵەتیی هەڵەبجە رادەگیرێن و لەوێوە بە پاسی بچووک گەشتیاران دەگوازرێنەوە بۆ فێستیڤاڵ."
سەبارەت بە شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل، عەقید رێباز کەمال هۆشداری دایە شۆفێران کە تەنیا لە گەراج و پارکە دیاریکراوەکان ئۆتۆمبێلەکانیان رابگرن کە توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە 15 هەزار ئۆتۆمبێلیان هەیە، و گوتیشی: "تیمەکانمان رێگە بە هیچ شۆفێرێک نادەن لەسەر شەقامە سەرەکییەکان ئۆتۆمبێل رابگرێت؛ هەر ئۆتۆمبێلێک ئاستەنگ دروست بکات، دەستبەجێ بە کرێن و فلات دەگوازرێتەوە."
بۆ ئەمساڵ، لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی هەنار مەرجێکی ژینگەییشی سەپاندووە و سەرجەم خاوەن کۆشکەکانی پابەند کردووە کە بۆ پێشکەشکردنی خواردن و بەرهەمەکانیان بە گەشتیاران، تەنیا کەرەستە و کەلوپەلی دۆستی ژینگە بەکاربهێنن.


