رووداو دیجیتاڵ
خراپی و تێکچوونی شەقامی سەرەکیی گوندی قەریەتاغ لەسەر رێگەی گوێر، دانیشتوانی رووبەڕووی ئاستەنگی هاتووچۆی زۆر کردووەتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت کە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو کێشەیە دەکەن.
دانیشتوویەکی گوندی قەریەتاغ لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو باسی لە گرفتەکەیان کرد و گوتی: "ماوەیەکی زۆرە شەقامی سەرەکیی ناو گوندەکەمان تێکچووە. درێژی شەقامەکە نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێکە، لە وەرزی هاویندا بەدەست تۆز و خۆڵ و لە زستانیشدا بەدەست قوڕ و قوڕاوەوە ژیانمان تاڵ بووە، تەنانەت ئۆتۆمبێل و پیادەش بە زەحمەت دەتوانن پێیدا بڕۆن. تاوەکو ئێستا سەردانی چەندین لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە، بەڵام بەدیاری کراوی کێشەکەمان بۆ چارەسەر نەکراوە."
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، ساڵی رابردوو هاتن و گوتیان قیری دەکەین، شەقامەکەیان تێکدا و نزیکەی مەترێک دایانبەزاندووە، ئێستاش کاری لێناکرێت و دەڵێن پارە نییە.
لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتەکە، هێمن ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە پارێزگای هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بەشێک لە پڕۆژەکان بەپێی دۆخی دارایی گرفتیان بۆ دروست بووە، بەڵام لە پلانی شارەوانی جێگیر دەکرێن بۆ ئەوەی بوودجەیان بۆ تەرخان بکرێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا سکاڵای فەرمی یان ئاگادارکردنەوەیەکی لەو شێوەیەیان لەلایەن موختار یان نوێنەرایەتیی گوندەکەوە پێنەگەیشتووە. هاوكات بەڵێنی دا کە بە شێوەیەکی مەیدانی و راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ گرفتی شەقامی گوندی قەریەتاغ بکات تاوەکو رێگەچارەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.


