رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، نەخشەی بنەڕەتی زەوی تەرخانکراو بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکەدا پەسند کراوە و لە قۆناخی راگەیاندندایە، هاوکات دڵنیایی دەدات کە مامەڵەی زیاتر لە دوو هەزار فەرمانبەر گەڕاوەتەوە.
ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی رووداو، لەبارەی گلەیی و داواکاریی فەرمانبەرانی ناوچەکە سەبارەت بە دواکەوتنی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی، رایگەیاند: "نەخشەی بنەڕەتی زەوی تەرخانکراو پەسند کراوە و دەچێتە قۆناخی بانگەواز و بڵاوکردنەوە، کە مانگێکی پێدەچێت. دوای ئەوە نەخشەی کەرتی و وردەکاریی بۆ ئامادە دەکرێت و لیژنەی ئیفراز دەست بە کارەکانی کوژاندنەوە دەکات."
بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە دوو هەزار فەرمانبەر ناوەکانیان گەڕاوەتەوە و زەوییەکانیش دەکەونە دەوروبەری ناوەندی ناحیەکە.
ناوبراو روونیشیکردەوە، زەوییەکان دابەش بوون بەسەر دوو بۆ سێ کەرتی جیاوازدا و جگە لە زەوی نیشتەجێبوون، زەوی بازرگانی، خزمەتگوزاری و فەرمانگە گشتییەکانیشیان تێدا لەبەرچاو گیراوە.
لەبارەی ئەگەری بەشکردنی زەوییەکان بۆ تەواوی فەرمانبەران، ئەحمەد سلێمان دڵنیایی دا و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی ناوچەکە تۆپۆگرافیایەکی شاخاوی هەیە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن و هەموو هەوڵێک ئەوەیە زەویی پێویست بۆ تەواوی فەرمانبەران تەرخان بکرێت."


