رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە چارلی پاکانا مانانگان، باڵیۆزی فلیپین لە عێراق کرد؛ لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ رێکخراوی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) و مەترسییەکانی تیرۆر گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
رۆژی شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە هاوینەهەواری پیرمام، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە چارلی پاکانا مانانگان، باڵیۆزی فلیپین لە عێراق کرد، کە هاوکات وەک نوێنەری رێکخراوی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN) سەردانی کردبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا باڵیۆزی فلیپین پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان دەربڕیوە، هاوکات کورتەیەکی لەبارەی مێژووی رێکخراوی ئاسیان، سیاسەتی رێکخراوەکە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و تواناکانی لە بواری ئابووریدا خستووەتەڕوو.
هەر لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی فلیپین ویستی وڵاتانی رێکخراوەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و ئاشنایی زیاتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووەتە سەرۆک بارزانی.
لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی باڵیۆزی فلیپینی کردووە و بەپێزانینەوە باسی لە هەوڵ و تێکۆشانی گەلانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا کردووە لەپێناو دەستەبەرکردنی ئازادی، بووژانەوە و بەدەستهێنانی گەشەی ئابووری.



