رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئاکرێ دەنگۆی دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوشتنی دوو براکەی ئاکرێ رەتدەکاتەوە و دەڵێ: "هێزەکانمان لە سەرجەم گەڕەکەکان بڵاوە پێکردووە و نامانەوێ کارەسات رووبدات."
ئەمرۆ شەممە 24 تشرینی یەکەمی 2026، عیماد حوسێن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند: "سەرجەم ئەو هەواڵانەی باس لە دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوشتنی دوو براکەی ئاکرێ دەکەن دوورن لە راستییەوە و هێشتا تۆمەتبارەکە دەستگیرنەکراوە."
عیماد حوسێن گوتی: "هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە سەرجەم گەڕەکەکانی ئاکرێ بڵاوەیان پێکراوە و بە وردیی بەدوای تۆمەتبارەکەدا دەگەڕێن"؛، ئاماژەی بەوەشکرد: "تۆمەتبارەکە لە نێو گەڕەکە قەرەباڵخەکاندا خۆی حەشارداوە و شوێنی دیار نییە."
گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ روونی کردەوە: "ئەو ناوچەیەی تۆمەتبارەکە خۆی لێ حەشارداوە ناوچەیەکی قەرەباڵخە و هاونیشتمانییەکی زۆری لێیە و توانای ئۆپراسیۆنمان سنووردارە، چونکە نامانەوێ کارەساتێکی دیکە بەهۆی تەقەکردنەوە دروست ببێت."
سەبارەت بەو گرتەیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و تێیدا تۆمەتبارەکە چەکێکی زۆری کۆگا کردووە، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ گوتی: "ئەو گرتەیە کۆنە و هی ئێستا نییە، بەڵام تۆمەتبارە هەڵاتووەکە چەکی پێیە و رووبەرووی هێزەکانمان دەبێتەوە."
شەوی رابردوو تۆمەتبارەکە رووبەرووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە. عیماد حوسێن گوتی: "سێ شەوە هێزە ئەمنییەکان بەردەوام بە دوای تۆمەتبارەکەدا دەگەڕێن و چەند جارێک تەقەی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە و ئامادە نییە خۆی رادەست بکات".
رۆژی پێنجشەممە، 22-10-2026 لە بەردەم پارکی ئاکرێ کەسێک تەقەی لە دوو برا کرد و هەردووکیانی کوشت و یەکێکی دیکەیشی بریندار کرد. ئەوکات پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند: ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە برا بوون بە ناوەکانی جەمال حاجی و فەلاح حاجی و برایێکی دیکەیشیان بریندارە. هاوکات تۆمەتباری رووداوەکەش ئامۆزای کوژراوەکان بووە و دەستبەسەرنەکراوە.



