رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتباری تەقەکردن لە ماڵێک دوای ئەوەی هەڵاتووە بۆ دەرەوەی وڵات و گەڕاوەتەوە، دەستگیرکراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆمەتبارەکە هەمان ئەو کەسەیە دەگوترێت تەقەی لە ماڵێک کردووە و چالاکڤانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان عومەر فەقێ هاوکاریی کردووە و پێش ئەو دەستگیرکراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لەبارەی رووداوی تەقەکردن لە گەڕەکی زانکۆ لە شارەکە، ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2026 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ماتۆڕسکیلێک تەقەی لە ماڵی هاووڵاتی (فاتمە ئیبراهیم) کرد. لەسەر ئەم رووداوە، تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمان دەستبەجێ دەستی بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە کرد؛ سەرەنجام ناسنامەی تۆمەتباری سەرەکی ئاشکرا کرا بەناوی (م، ع، ع )".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، دوای ئەوەی دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکردووە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، دەرکەوتووە تۆمەتبار هەڵاتووە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، "لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبارێکی دیکە کە کەسێکی ناسراوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەناوی (ع، م، ف) دەستگیر کراوە. لە کاتی تاوانەکەدا لە کامێراکانی چاودێریدا دەرکەوتووە کە لەگەڵ تۆمەتباری تەقەکەردا بووە و ماڵی هاووڵاتی (فاتمە)ی دەستنیشان کردووە".
ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە: "تۆمەتبار (ع، م، ف) سەرەڕای ئەم تۆمەتە، تۆمەتبارە بەوەی هانی کەسێکی دیکەی داوە تەقە لە هەمان ماڵ بکات، بەهۆی بوونی کێشەی لەگەڵ کوڕی ئەو ماڵە کە ناوی ( زرار)ـە. لە هەمان کاتدا زرار خۆیشی تۆمەتبارە بە تەقەکردن لە نووسینگەی خانووبەرەی (ع، م، ف). زرار بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتووە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، مەبەستی ئاسایش لە (ع، م، ف) عومەر فەقێیە. شەممە 17-10-2026 تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ بە رووداوی گوت: "بەیانی ئەمڕۆ بەدواداچوونمان بۆ دەستگیرکردنی عومەر فەقێ کرد و دەرکەوت بە تۆمەتی تەقەکردن لە ماڵێک لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە".
رۆژی 30ـی ئەیلوول گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا ماتۆڕسکیلێك تەقە لە ماڵێکی شاری هەولێر دەکات و تێیدا عومەر فەقێ بە شێوەیەک دەردەکەوێت کە ناونیشانی ماڵەکە بە تەقەکەرەکە بدات. ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2026 ئاسایشی هەولێر هەمان ڤیدیۆی بڵاو کردووەتەوە.
عومەر فەقێ، بانگخواز و چالاکڤان، چەند جارێکی دیکە بە دۆسیەی جیاواز سکاڵا دژی تۆمار کراوە.


