رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە پارێزگای کەرکووک دەستیپێکردووە، بەڵام مەرجی یەکبوونی بەڵگەنامە فەرمییەکان کێشەی بۆ بەشێک لە خێزانەکان، بەتایبەت راگوێزراوان دروستکردووە؛ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت لیژنەیەکی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە.
لە رۆژی 17ی تشرینی یەکەمەوە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە کەرکووک دەستی پێکردووە، کە تێیدا بڕی 100 لیتر نەوت بە 15 هەزار دینار بۆ ماوەی دوو مانگ دەدرێتە هەر خێزانێک، بە مەرجێک کارتی زانیاری، کارتی خۆراک و کارتی نیشتمانییان سەر بە کەرکووک بێت.
ئەم مەرجە بووەتە گرفت بۆ ئەو خێزانە کەرکووکییانەی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا راگوێزراون و ئێستا کارتی نیشتمانییەکەیان لەسەر هەولێر یان سلێمانی ماوەتەوە، هەرچەندە کارتی زانیاری و فۆرمی خۆراکیان لەسەر کەرکووکە.
محەممەد عوسمان، هاونیشتمانییەکی خەڵکی کەرکووک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی کارتی زانیاری و فۆرمی خۆراکمان کەرکووکە، بەڵام لەبەرئەوەی کارتی نیشتمانیمان سلێمانییە لە وەرگرتنی نەوت بێبەش کراوین، لە ئەپڵیکەیشنەکەشدا نامەی ئەوە دێتەوە کە (خزمەتگوزاری کۆپۆنی نەوت پارێزگاکەت ناگرێتەوە)."
لە وەڵامی ئەم کێشەیەدا، د. ئەحمەد کەرکووکی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەوان ئاگاداری گرفتەکەن و دەستبەجێ بەدواداچوونیان دەستپێکردووە.
د. ئەحمەد کەرکووکی گوتیشی: "لەبەرئەوەی دابەشکردنی کۆپۆنی سووتەمەنی و پارەدانەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنییە، لەگەڵ کۆمپانیای ماستەرکارد لەسەر هێڵین بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک."
سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، لیژنەیەکی هاوبەشی تایبەت بۆ ئاوارە و ئەو کەرکووکییانەی کارتی نیشتمانییان سەر بە پارێزگاکانی دیکەیە پێکهێنراوە، تاوەکو بە زووترین کات نەوت بۆ ئەو خێزانانەش دابین بکرێت.



