رووداو دیجیتاڵ پارەی کارەبای موەلیدە لە بەشێکی هەولێر لە هاوبەشانی کارەبا وەردەگیرێ. سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکان دەڵێ، ئەو گەڕەکانەی پارەی کارەبای موەلیدەیان تێدا وەرگیراوە، کاتی کارکردنی موەلیدەیان تەواو بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەمڕۆوە هەر گەڕەکێک کارەبای ببڕدرێ، موەلیدەکان دەخەنەوە کار. چەند هاونیشتمانییەک ئەمڕۆ دووشەممە 19-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت: "لەکاتێکدا کاتی کارکردنی موەلیدەکانمان تەواو نەبووە، خاوەن موەلیدەکان داوای پارەی ئەمپێری موەلیدە دەکەن". خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ 165 کاژێر کارکردنی موەلیدە، هەر ئەمپێرێک 10 هەزار دینار وەرگیراوە. هەر گەڕەکێک ئەو بڕە لە کارەبای موەلیدەی پێ درابێت، ئەوە دەبێت پارە بدەنەوە". خۆران خۆرانی لە وەڵامی هاونیشتمانییاندا گوتی: "دڵنیایی دەدەین کە لە چەند رێگەیەکەوە پشکنینی تەواو دەکرێ بۆ کارکردنی موەلیدەکان، تاوەکو دڵنیا نەبین کە 165 کاژێر کاریان کردووە، رێگە نادرێ پارە وەربگرنەوە". سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتی: "لە زۆرینەی گەڕەکەکان هێشتا موەلیدەکان 165 کاژێریان تەواو نەکردووە، بەڵام بەشێکی گەڕەکەکان کاتەکەیان تەواو بووە و دوێنێ بۆ یەک ئەمپێر 10 هەزار دیناریان وەرگرتووەتەوە، لەوانە گەڕەکەکانی نووسەران و خانزاد". خۆرانی ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەوەی نرخی سووتەمەنی بەرزبووەتەوە، پێشبینی دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا نرخی ئەمپێری موەلیدە بەرزبێتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 19-10-2026 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە وێستگەکانی خەبات، هەولێری نوێ، نووسەران، پیرزین، کۆڕێ و پارک، بەشێکی هاوبەشانی کارەبا لە پارێزگای هەولێر تووشی بڕینی کارەبا بوون و تیمەکانی وەزارەت لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان". سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتی: "لەلایەن وەزارەتی کارەباوە ئاگادارکراوینەتەوە، بەهۆی ئەو دۆخەی دروستبووە هەر گەڕەکێک کارەبای بڕا، موەلیدەکان کاربکەن و کارەبایان پێبدەن". لە سلێمانی و هەڵەبجە کارکردنی موەلیدەکان بە تەواوی راگیراوە. لە دهۆکیش بە خشتە کار دەکەن و سەرەتای مانگی نوێ پارەی ئەمپێری مانگێک وەردەگرن.