رووداو دیجیتاڵ
دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێ، "بەدواداچوونمان بۆ دەستگیرکردنی عومەر فەقێ کردووە و دەرکەوتووە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێرەوە لەسەر رووداوێکی تەقەکردن دەستگیرکراوە".
ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2026، تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ بە رووداوی گوت: "بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەدواداچوونمان بۆ دەستگیرکردنی عومەر فەقێ کرد و دەرکەوت بە تۆمەتی تەقەکردن لە ماڵێک لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە".
تاڤگە عومەر گوتی: دەستگیرکردنەکەی ئەمڕۆ نەبووە و لە چەند رۆژی رابردوو بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە.
گوتیشی: سبەی یەکشەممە سەردانی عومەر فەقێ دەکەن و زانیاریی زیاتر وەردەگرن. "کەسی دیکەش لەسەر دۆسیەکە دەستگیرکراون."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، رۆژی 30ی ئەیلوول گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و کە تێیدا ماتۆڕسکیلێك تەقە لە ماڵێکی شاری هەولێر دەکات و تێیدا عومەر فەقێ بە شێوەیەک دەردەکەوێ کە ناونیشانی ماڵەکە بە تەقەکەرەکە بدات.
ئەمە جاری سێیەمە فەرمانی گرتن بۆ بانگخواز و چالاکڤان عومەر فەقێ دەردەچێت، رۆژی سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، لەسەر ئەوەی لە هەڤپەیڤینێکدا نموونەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی هێنایەوە و لە بەشێکی قسەکانی دا گوتی: "گۆڕی پڕ نوور بێت." ناڕەزایی بەشێک لە چالاکڤان، رۆژنامەنووس و هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە و لە داواکاری گشتی سکاڵایان لەسەر کرد و لەلایەن دادگەی کەلارەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو، دواتریش بە کەفالەت ئازادکرا.


