رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو سێ هەزار پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش بکرێت کە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ هەینی 16-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەفتەی داهاتوو سێ هەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکەماندا دابەش دەکەین".
لەبارەی ئەو شوێنانەی زەوییەکانی لێ دابەش دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک گوتی، زەوییەکان بەسەر فەرمانبەرانی رۆڤیا، کۆرا و فەیدیێ دابەش دەکرێن.
لە 27ـی ئاداری 2024ـەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا دەرکرد، دواتر فەرمانی وەرگرتنی زەوی بۆ زیاتر لە 500 هەزار کەس درایە شارەوانییەکان.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ئاداری 2024ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین زەوییان پێ دراوە و ئەوانی دیکەش لە چاوەڕوانیدان.
هەر بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 80 هەزار پارچە زەوی، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 30 هەزار، لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 20 هەزار و لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش نزیکەی 300 پارچە زەوی دابەش کراون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر، پێشمەرگە یان خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت. تاوەکو ئەمڕۆش لە بەشێکی شارەکان دابەشکردن دەستی پێکردووە و پرۆسەکەش بەردەوامە.

