رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بارانبارین بەردەوام دەبێت و سبەی دوای نیوەڕۆ کەش سەقامگیر دەبێتەوە. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، کۆتایی ئەم مانگەدا شەپۆلێکی بەهێزی باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ هەینی 16-10-2026 لە زۆربەی ناوچەکان باران بە پچڕپچڕی بەردەوام دەبێت و هەندێک کات دەبێتە لێزمەباران و هەورەبرووسکە. پێشبینیش دەکرێت زۆرترین رێژەی باران لە ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک ببارێت".
بۆ کەشوهەوای سبەی، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە: نمەباران و بارانی مامناوەند ناوبەناو دەبارێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، لە ئێوارەشدا کەش سەقامگیر دەبێتەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ تاوەکو پێشنیوەڕۆی سبەی تاوەباران و هەورەبرووسکە دەبێت، بەڵام رێژەی بارانی ئەم شەپۆلە زۆر نییە".
ئەو شارەزایەی کەشناسی پێشبینی دەکات، 10 رۆژی کۆتایی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانی "باش و بەهێز" هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو: "لە مانگەکانی داهاتوودا ئەگەری لافاو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان هەیە، پاییز باراناوی دەبێت و هیچ مەترسییەکی وشکەساڵی نابێت."
پلەی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 31 پلەی سیلزیزی
سلێمانی: 30 پلەی سیلزیزی
دهۆک: 28 پلەی سیلزیزی
هەڵەبجە: 32 پلەی سیلزیزی
چەمچەماڵ: 32 پلەی سیلزیزی
زاخۆ: 29 پلەی سیلزیزی
گەرمیان: 35 پلەی سیلزیزی
حاجی ئۆمەران: 20 پلەی سیلزیزی
پیرمام: 26 پلەی سیلزیزی

