رووداو دیجیتاڵ
لە بەرەبەیانێکی زووی رۆژی 15-10-2026، بەردەم دادگەی سلێمانی قەرەباڵخییەکی زیاتری پێوە دیاربوو لە رۆژانی ئاسایی. نۆرەی چوونە ژوورەوە بۆ نێو دادگە لە ریزی پیاواندا ببووە دوو ریز؛ ریزێک ئەوانەبوون کە بۆ مامەڵەی ئاسایی خۆیان هاتبوونە دادگە و ریزەکەی دیکەش بەشێکی کەسوکاری گیراوانی رووداوەکەی لالەزار بوون کە زۆربەیان جلوبەرگی رەشیان وەک ئاماژەیەک بۆ خەمباری پۆشیبوو.
ئەوان لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەڤان و تیمی پارێزەران بەرەو هۆڵی دادگەی لاهوور شێخ جەنگی و 11 تۆمەتباری دیکە دەڕۆیشتن. ئامادەبووانی هۆڵەکە کە نزیکەی 100 کەس دەبوون، بەشی زۆریان لەسەر کۆمەڵێک کورسیی رەنگ شین دانیشتبوون و چاوەڕێی هاتنی دادوەری دادگەکەیان دەکرد.
هێندەی پێ نەچوو دادوەر و هاوکارەکانی هاتنە ژوورەوە، ئامادەبووان هەستانە سەرپێ. دوای ئاماژەیەکی دادوەر، ئامادەبووان دانیشتنەوە و راستەوخۆش داوای هاتنەژوورەوەی تۆمەتبارانی دۆسیەی لالەزار کرا.
یەکەم کەس کە لە ژوورێکی بچووکی هۆڵەکەوە هات، لاهوور شێخ جەنگی بوو. ئەو بە کراسێکی سپیی نیوقۆڵەوە بە پێکەنینێکەوە سەلامی لە ئامادەبووان کرد.
لاهوور جەنگی جگە لە سپیبوونەوەی پێستی، هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیی زیندانی لەسەر رووخساری نەدەبینرا، کاتژمێرێکی رەشی لە دەستی چەپیدا بوو. بەدوای ئەودا 11 تۆمەتباری دیکە کە لەنێویاندا پۆڵاد شێخ جەنگیی برای و رێبواری حامی حاجی غالی هەبوون، ئەوان بەدوای یەکدا هاتنە نێو هۆڵی دادگە و چوونە نێو قەفەزی تۆمەتباران و بەپێوە راوەستان.
لەنێو تۆمەتباراندا تەنیا رێبوار حامی جلێکی کوردیی جۆری کەتافیی رەنگ سەوزی پۆشی بوو، زۆربەی ئەوانی دیکە جلەکانیان سپی بوو. پۆڵاد شێخ جەنگی تیشێرتێکی نیلیی لەبەربوو، هەردوو ئەنیشکی لەسەر ئاسنی قەفەزی تۆمەتباران دانابوو، بەپێچەوانەی لاهووری برایەوە هیچ نیشانەیەکی دڵخۆشی یان خەمباری بە دەم وچاویەوە نەدەبینرا.
لە تۆمەتبارەکان (رێبوار قودرەت) کە کراسێکی رەش و ریشێکی درێژ و چاویلکەیەکی لە چاودابوو، داوای کورسییەکی کرد تاوەکو لەسەری دابنیشێت، 11 تۆمەتبارەکەی دیکە بەپێوە مانەوە.
دادوەر رووی کردە لای چەپی هۆڵەکە و داوای لە خانمێک کرد دەست بە قسەکانی بکات. ئەو خانمە بە رەنگی رۆبەکەی کە خەتێکی سووری پێوەبوو، دیاربوو ئەندامی داواکاری گشتییە.
وتەکانی داواکاریی گشتی و ناڕەزایەتیی لاهوور جەنگی
خانمەکە زیاتر لە 30 خولەک قسەی کرد. لە قسەکانیدا داوای دەکرد لاهوور جەنگی، جگەلە مادەی 56، پێویستە بە مادەی 57یش سزا بدرێت. بەشێوەیەکی گشتی قسەکانی مایەی خۆشحاڵیی تۆمەتباران نەبوون، هەر بۆیە لاهوور شێخ جەنگی وەک ئاماژەیەکی ناڕەزایی و رەتکردنەوەی قسەکانی ئەندامەکەی داواکاری گشتی، سەری بەلای راست و چەپدا دەسووڕاند و جارجارەش خەندەیەکی گاڵتەئامێزی بۆ قسەکانی دەکرد و بە دەسڕێکی کلێنسیش عارەقی نێوچەوان و لاملی دەسڕی.
خانمەکەی داواکاری گشتی داواشی کرد، هەریەک لە عومەر شێخە و کەیوان محەممەد، بەگوێرەی ئەوەی تۆمەتیان لەسەر ساخ نەبووەتەوە، ئازاد بکرێن.
لاهوور شێخ جەنگی: دەستکاریی قسەکانم کراوە
لاهوور شێخ جەنگی داوای وەرگرتنی روخسەتی لە دادوەر کرد و قسەکانی داواکاری گشتی رەتکردەوە و گوتی: "ئەو گوتانەی لە من و هاوڕێکانم وەرگیراون، دەستکاریی ناوەڕۆکیان کراوە."
گوتیشی: "ساڵ و دوو مانگە زیندانیم، یەک جار لێدوانێکم لێ وەرگیراوە، ئەمە رەوا نییە، جەنابی دادوەر تکایە ستەم لە سلێمانی مەکەن، بەرامبەر من چی دەکەن بیکەن، من لە سێدارە بدەن، بەڵام گیراوانی دیکە ئازاد بکەن."
لەنێو هۆڵەکەدا نزیکەی 100 کەس ئامادەبوون، هۆڵەکە بە 16 گڵۆپ رووناک کرابووەوە، هەرچەندە هەوای هۆڵەکە ئاسایی بوو، بەڵام لاهوور شێخ جەنگی و رێبوار حامی بە کاخەزێکی سپی باوەشێنی خۆیان دەکرد. دیاربوو هەوای ئەو تاکە پانکە سپیەی نزیك دادوەرەکە ئیشی دەکرد، ئەوانی فێنک نەدەکردەوە.
پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی: بە ئەشکەنجە گوتە لە تۆمەتباران وەرگیراوە
دوای قسەکانی داواکاری گشتی، دادوەر روخسەتی دایە پارێزەرەکەی لاهوور جەنگی و هەموو قسەکانی داواکاری گشتی رەتکردەوە و گوتی: "لەکاتی لێدوان وەرگرتن لە تۆمەتباران ئەشکەنجە و گوشار بەکارهاتووە و قسەکانیان پێ گۆڕدراوە."
"من شێت نیم"
دادوەر داوای کرد کێ لە تۆمەتبارانی دیکە قسەی هەیە؟ رێبوار قودرەت دەستی بەرز کردەوە و گوتی: "جەنابی دادوەر، وەها بڵاو کراوەتەوە کە من شێتم، من شێت نیم، بەڵام لە 2016ەوە گرفتێکم هەیە، من عەدەد قەناس بووم، بەهۆی تەنگژەی زۆرەوە دەمارێکی مێشکم کەمتر خوێنی بۆ دەچێت بۆیە ئەو گرفتەم هەیە، دواجاریش لە ساڵی 2021 بۆ چارەسەر چوومەتە دەرەوەی وڵات."
لاهوور شێخ جەنگی لەو کاتەدا پشتگیریی قسەکانی رێبوار قودرەتی کرد و گوتی: "چەندین جار خۆم بۆ چارەسەر ناردمە دەرەوەی وڵات."
دوای قسەکانی رێبوار قودرەت، دادوەر داوای پشوویەکی کرد و ئامادەبووان چوونە دەرەوەی هۆڵەکە و تۆمەتبارانیش رۆیشتنەوە ژوورە بچووکەکەی نێو هۆڵەکە.
لە دەرەوەی هۆڵەکە لەکاتی پشووەکەدا، ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهوور و پۆڵاد، لەگەڵ ئەفسەرێکی ئاسایش قسەی دەکرد. ئەفسەرەکە بە پێپێکەنینەوە دەیگوت ئەو پەتە سەوزە چییە لە دەستت دیارە هەر یەکێتی؟ ئاوات شێخ جەنگیش بە پێپێکەنینەوە گوتی: "نا ئەوە پەڕۆی شێخ عەبدولقادری گەیلانییە و پەیوەندی بە یەکێتییەوە نییە."
دوای چوونەوە ژوورەوە و دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی دادگەیی، دادوەر بڕیاری خۆیدا و لاهوور شێخ جەنگی و 11 هاوڕێی دیکەی بە مادەی 56 سزا دا و سزاکانیش بەم جۆرە بوون:
لاهوور شێخ جەنگی، 5 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردن.
پۆڵاد شێخ جەنگی، 3 ساڵ و 6 مانگ بەندکردن.
رێبوار حامی حاجی غالی، 2 ساڵ بەندکردن.
بەشێک لە تۆمەتبارانی دیکەش بە 2 ساڵ و 6 مانگ و بەشێکی دیکەشیان بە 1 ساڵ و 6 مانگ بەند کران.
هەریەک لە عومەر شێخە و کەیوان محەممەدیش بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرچوو.
چەپڵەی ناڕەزایی و پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگە
لەدوای بڕیاری دادوەر، لاهوور شێخ جەنگی و بەشێک لە ئامادەبووان چەپڵەی ناڕەزاییان بۆ بڕیارەکەی دادوەر لێ دا. بەشێک لە کەسوکاری سزادراونیش بە گریان و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی هۆڵەکەیان بەجێهێشت. بەڵام تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی هێشتا بێهیوا نین و دەڵێن، پێداچوونەوە (تەمیز) بە بڕیاری دادوەردا دەکەین.



