رووداو- رادیۆ هاونیشتمانییەک بە ناوی هێمن داودی، سکاڵای یاسایی لە دژی کۆمپانیای مەنسوور (بریکاری سەرەکیی شۆڤرلێت و جێنراڵ مۆتۆرز) لە هەولێر تۆمار دەکات و کۆمپانیاکە بە بە کەمتەرخەم بەرامبەر کڕیاران و نەبوونی خزمەتگوزاریی دوای فرۆشتن تۆمەتبار دەکات. هێمن داودی لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو باسی لەوە کرد کە لە ساڵی 2025 ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاهۆی لەو کۆمپانیایە کڕیوە، بەڵام بەهۆی سووتانی عەقڵی شاشەکەیەوە ماوەی هەشت مانگ چاوەڕێ بووە بۆی چاکبکرێتەوە، لە کۆتاییشدا ناچار بووە ئۆتۆمبێلەکەی بە نزیکەی 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی زیان بفرۆشێت. لە ساڵی 2026دا ئۆتۆمبێلێکی تاهۆی تری لە هەمان کۆمپانیا کڕیوە، کەچی پاش ماوەیەک، لە کاتی گەشتێکی عەمرەدا لە وڵاتی سعودیە لە خۆیەوە کوژاوەتەوە و مەترسیی وەرگەڕانی بۆ سەر خێزانەکەی دروستکردووە، بە جۆرێک بە بڕی 2,700 دۆلار کرێی داوە تاوەکو هێنراوەتەوە. هێمن دەڵیت، "لە وڵاتی سعودیە چومە بریکاری کۆمپانیای شۆفرلێتی ئەمریکی بەڵام پێیان گوتووە کە ئەوان کار بەو گەرەنییە ناکەن کە ئۆتۆمبێلەکە هەیەتی، راست نییە." لەبەرامبەردا عەدنان خودێدا، بەرپرسی بەشی چاککردنەوە لە کۆمپانیای ئەلمەنسوور، بۆ رادیۆی رووداو روونکردنەوەی دا و رایگەیاند، کێشەی ئۆتۆمبێلەکە گرفتی کارەبایی ئاساییە و پەیوەندی بە تەڕبوون یان شۆردنی ئۆتۆمبێلەکەوە هەیە لەلایەن خاوەنەکەیەوە. عەدنان خودێدا گوتی:"ئێمە پشکنینمان بۆ ئۆتۆمبێلەکە کردووە، کێشەکە راست نییە بەو شێوەیەی دەوترێت. خاوەنەکەی ئۆتۆمبێلەکەی شۆردووە و بەهۆی شێداری و چوونەژوورەوەی ئاو بۆ بەشە کارەباییەکان، کێشەی بەرگر و ڤۆڵتیەی نزم دروستبووە کە بووەتە هۆی پچڕپچڕ بوونی کارەباکەی" سەبارەت بە ماوەی مانەوەی ئۆتۆمبێلەکە لە کۆمپانیا، بەرپرسی بەشی چاککردنەوە مانەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ماوەی 11 رۆژ رەتکردەوە و گوتی: "ئۆتۆمبێلەکە تەنیا سێ بۆ چوار رۆژە لەلای ئێمەیە. ئەندازیارەکانمان لەسەر هێڵن لەگەڵ کۆمپانیای دروستکەر (جێنراڵ مۆتۆرز) بۆ دەستنیشانکردنی وردی کێشەکە و چاککردنی." بەرپرسی چاککردنەوەی کۆمپانیاکە جەختی کردەوە:"ئەگەر زانیمان چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکە کاتی زیاتری پێویستە و دوا دەکەوێت، ئەوا وەک چارەسەری جێگرەوە ئۆتۆمبێلێکی دیکەی بۆ دابین دەکەین تا ئەو کاتەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بە تەواوی چاک دەکرێتەوە."
هەواڵە ناوخۆییەکان15-10-2026سەرۆکی شارەوانیی کەلار: قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران دەست پێ دەکات