رووداو دیجتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێت. کەشناسێک دەڵێت، بەهێزیی شەپۆلەکە تورکیای گرتووەتەوە و لە باشووری کوردستان بارانی کەم دەبارێ.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026 لە سنووری پارێزگای دهۆک بارانبارین دەستپێدەکات بەشێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند؛ پاشان بە پچڕپچڕی لە ناوچەکانی دیکە لە کاتی جیادا دەبارێ، لە شەودا کاریگەرییەکەی لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، هەندێک کات هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بارانبارین لە زۆرینەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت، بەشێوەی نمەباران و تاوەباران.
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێ، بەڵام پێچەوانەی بەشێکی پێشبینییەکان زۆر بەهێز نابێ، بارانی بەهێز تورکیای گرتووەتەوە، لە باشووری کوردستان بارانی کەم دەبارێت".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک باران دەبارێ، دواتر سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و پاشان دەگاتە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە. لەبارەی کەرکووکەوە گوتی: "بۆ کەرکووک ئەگەر بارانیش ببارێ زۆر لاواز دەبێت".
دوو رۆژە پلەی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت، کەشناسی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما "کەمێک"ـی دیکە بەرز دەبێتەوە، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ 1 بۆ 2 پلە دادەبەزێت.
پلەی گەرمای سبەی هەینی 16-10-2026
هەولێر: 32 پلەی سیلیزی
پیرمام: 28 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 30 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 31 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 33 پلەی سیلیزی
دهۆک: 29 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 31 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 35 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 20 پلەی سیلیزی



