رووداو دیجیتاڵ
خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتوگوزاریی لە هەولێر، گلەیی لەوە دەکات کە لە سلێمانی ڕێگەی پێ نادرێت بە شێوەی ئۆنلاین گەشتیار پەیدابکات و گەشت رێبکخات. لە کاتێکدا چەندین کۆمپانیای سلێمانی بەبێ ئۆفیس لە هەولێر کار دەکەن. لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزاری هەولێر و سلێمانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە کارکردنی هەر کۆمپانیایەکی گەشتیاری مەرجی پێویستە و دەبێت مۆڵەت یان لقی فەرمی لەو شارە هەبێت.
گەردی، خاوەنی کۆمپانیای گەشتوگوزاریی ساریا تراڤڵ، لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی ڕووداو باسی لەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی لە هەولێر مۆڵەتی فەرمی هەیە و ساڵانە باج و رسوومات دەدەین، بەڵام لە سلێمانی بەهۆی نەبوونی ئۆفیسەوە ڕێگەی پێ نادرێت گەشتیار بگوازێتەوە، لە کاتێکدا چەندین کۆمپانیای سلێمانی بە ئۆنلاین لە هەولێر کار دەکەن بێ ئەوەی ئۆفیسیان هەبێت.
گەشتوگوزاری سلێمانی: مەرجە کۆمپانیا ئۆفیس یان لقی هەبێت
لەبارەی ئەم پرسەوە، گۆران قادر، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایگەیاند، بوونی ئۆفیس یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی کارکردنی کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی چاودێری و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیاکانی دەرەوەی سلێمانی دەتوانن بێن و داوای کردنەوەی لق یان نوسینگە یان بەخشینی بریکار بکەن، یان بەپێی ڕێنماییەکان مۆڵەتی فەرمی لەو پارێزگایە دەربکەن.
گەشتوگوزاری هەولێر: کارکردن بە ئۆنلاین بەبێ مۆڵەت قەدەخەیە
لای خۆشیەوە، نەریمان فازڵ، گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر کۆمپانیایەکی گەشتیاری دەبێت لەو شارەی تێید کار دەکات مۆڵەتی فەرمی وەربگرێت و ئۆفیس یان نووسینگەی هەبێت. هەروەها رایگەیاند،" بە هیچ شێوەیەک رێگە بە کارکردن بە ئۆنلاین نادرێت و لە کاتی هەر پێشێلکارییەکدا لایەنی ئەمنی ئاگادار دەکەنەوە، و پێویستە کۆمپانیاکان چەکی دڵنیایی بە بڕی پێنج ملیۆن دینار بهێنن بۆ پاراستنی مافی گەشتیاران."


