رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی ناوچەی بێریاتی هەولێر داوای قیرتاوکردنی کۆڵانەکانیان دەکەن. سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی ناوچەکە لە پلانی ئەم ساڵدایە، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی داراییەوە نەیانتوانیوە خزمەتگوزارییەکە بگەیێننە ئەوێ.
عەلی دارا، دانیشتووی ئەو ناوچەیە و بە رووداوی گوت، "لە هاویناندا تەپوتۆز لە کۆڵانەکانماندا زۆرە و لە زستانیش بەهۆی قوڕ و چڵپاوەوە هاتووچۆ زۆر خراپە. قوتابی و منداڵەکانیشمان دەبێت پوت لەپێ بکەن."
ئەو هاونیشتیمانییە گوتیشی، "چەندین جار سەردانی شارەوانیمان کردووە، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە و هەموو جارێک بەڵێنی ئەوەمان پێدەدەن لە داهاتوودا کێشەکە چارەسەر دەکەن."
عەلی دارا باس لە نەبوونی قوتابخانە لە ناوچەکەدا دەکات و دەڵێت، "سێ ساڵە بە خۆبەخشی، خانووی یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە دەکرێتە قوتابخانە. قوتابییەکان لەنێو خانوویەکدا دەخوێنن کە هیچ پێوەرێکی قوتابخانەی تێدا نییە."
لەو بارەیەوە رازان خەلیل، بەرپرسی بەشی تەکنیکیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە رووداوی گوت، "بێریات لە پلانی ئەم ساڵدایە بۆ قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی داراییەوە خزمەتگوزارییەکەیان پێ نەگەیشتووە."
رازان خەلیل گوتیشی، "هەر کاتێک بودجە دابین کرا، بە دڵنیاییەوە سەرجەم کۆڵانەکان قیرتاو دەکرێن."
بێریات لە بەشی رۆژئاوای شاری هەولێرە و لە نزیک رەکاوە و مامزاوە هەڵکەوتووە.



