رووداو دیجیتاڵ
باوکی قوتابییەک لە ناحیەی حاجیاوا لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەڵێ، کوڕەکەی لەلایەن هاوپۆلەکانیەوە لێیدراوە و کاتێک ویستوویەتی سکاڵا تۆمار بکات، لە بنکەی پۆلیس هەڕەشەی لێکراوە و رێگریی لێکراوە، بەڵام پۆلیسی راپەڕین ئەو گوتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەو باوکە دەیەوێ پۆلیس ناشیرین بکات و سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین."
حەکیم محەممەد، باوکی داهێن، ئەو قوتابییەی وێنە و ڤیدیۆی دوای لێدانەکەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کوڕە 14 ساڵانەکەی لە قوتابخانە لەلایەن دوو لە هاوپۆلەکانیەوە لێیدراوە، کە لەخۆی گەورەترن.
بە گوتەی حەکیم محەممەد، رۆژی دواتر کوڕەکەی تاوەکو کاژێر 12:30ی نیوەڕۆ نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە و دواتر دەرکەوتووە کە جارێکی دیکە لێیدراوە. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "کە چووینە بنکەی پۆلیس، لە منیشیان دا، کڵاشینکۆڤیان لێ راکێشام و هەڕەشەیان لێکردم. پۆلیسێک پێی گوتم، لایەنی بەرامبەر خزم و کەسوکاریان لە بنکە هەیە."
ئەو باوکە ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوو کوڕەکەی، داهێن (14 ساڵ) و دیدار (22 ساڵ) دەستگیر کراون و دەڵێت، "داوای مافی خۆم دەکەم، ستەممان لێدەکرێت."
بەرپرسانی پۆلیس و کارگێڕی ناوچەکە چیرۆکێکی جیاواز دەگێڕنەوە و سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە.
عەقید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی گوت، "سەرلەبەری گوتەکانی حەکیم دوورن لە راستییەوە." بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیس، رووداوەکە شەڕی نێوان دوو منداڵی 12 و 13 ساڵان بووە، کە دراوسێی یەکدین و لەکاتی گەڕانەوەیان لە قوتابخانە بەشەڕ هاتوون.
سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک لە حاجیاوە بە رووداوی گوت، دوای ئەوەی هەردوو لایەن بۆ نەخۆشخانە براون و راپۆرتی پزیشکییان بۆ کراوە، حەکیم "پێش ئەوەی هیچ گوتەیەک بدات، بە مۆبایلەکەی وێنەی راپۆرتە پزیشکییەکە و منداڵە بریندارەکەی گرتووە و بۆ پەیجەکانی ناردووە." پۆلیس دەڵێت، "مەبەستی ئەو هاونیشتمانییە لەم کارەی، ناشیرینکردنی پۆلیس بوو."
بەپێی راگەیێندراوی پۆلیسی راپەڕین کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکرایەوە، حەکیم لەنێو بنکەی پۆلیس پەلاماری لایەنی بەرامبەری داوە و کارمەندێکی پۆلیس ناوبژیوانیی کردووە. کاتێکیش هەردوولا براونەتە بەردەم ئەفسەری لێکۆڵینەوە، هەردوولا پاشگەز بوونەتەوە و گوتوویانە سکاڵایان نییە. دایکی داهێن پەنجەمۆری کردووە کە سکاڵایان نییە.
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێ، سەرەڕای ئەوە، بۆ شەوی داهاتوو حەکیم گەڕاوەتەوە بنکە و سکاڵای تۆمارکردووە، بەڵام پاشان دووبارە پاشگەز بووەتەوە. لەبەر ئەوەی سکاڵا تۆمار کرابوو، لایەنی دووەمیش سکاڵایان تۆمار کردووە. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، "دادوەر بڕیاری داوە بە دەستگیرکردنی چوار کەس لە هەردوولا بەپێی مادەی 413 لە یاسای سزادانی عێراقی."
عەقید شۆڕش ئیسماعیل ئاماژە بەوە دەکات، حەکیم "رقێکی" پێشووی بەرامبەر پۆلیسی سنوورەکە هەیە. عەقید شۆڕش ئیسماعیل دەڵێت، "ساڵی رابردوو کوڕێکی حەکیم بە ماتۆڕسکیلێکی جەبەلی بە سەرخۆشی پەلاماری کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتی داب و کاتژمێرێکی لێ دزی. ئەوکات کوڕەکەی دەستگیرکرا و ماتۆڕسکیلەکەیشی دەستی بەسەردا گیرا، بۆیە رقێکی بەرامبەر پۆلیس هەیە."
ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا، بە رووداوی گوت، "ئەو قسانەی باوکی منداڵەکە دەیانکات ناڕاستن."
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی راپەڕیندا هاتووە، سکاڵای یاساییان لەسەر حەکیم تۆمارکردووە بەهۆی "چەواشەکاری و هەوڵدان بۆ ناشیرینکردنی پۆلیس؛" هەروەها هۆشداریی داوەتە ئەو پەیج و ئەکاونتانەی کە "هەواڵی بێ بنەما" بڵاودەکەنەوە.



