رووداو دیجیتاڵ
کرێکارانی باخچە و بلوارەکانی قەزای کەلار لە ئیدارەی گەرمیان گلەیی لە کەمیی مووچەکەیان دەکەن و دەڵێن، جیاوازی لەنێوان ئەوان و کرێکارانی شاری سلێمانی دەکرێ. کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەش هۆکارەکەی بۆ جۆری گرێبەست و تەندەرەکەی وەزارەتی شارەوانی دەگەڕێنێتەوە.
یەکێک لە کرێکارانی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 50 کرێکار لە کەلار خزمەتی باخچە و دارستانەکان دەکەین و مانگانە تەنیا 300 هەزار دینار وەردەگرین کە دەکاتە رۆژانە 10 هەزار دینار، لە کاتێکدا هەمان ئەو کۆمپانیایەی لێرە کار دەکات، لە سلێمانی مانگانە 440 بۆ 450 هەزار دینار بە کرێکاران دەدات، داوا دەکەین ئەم جیاوازییە نەمێنێت و مافەکانمان هاوتای ئەوان دابین بکرێ."
لەو بارەیەوە، بەرپرسێکی ئەو کۆمپانیایەی سەرپەرشتیی ئاودان و خزمەتگوزاریی باخچەکانی کەلار دەکات، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، تەندەری خزمەتگوزاریی باخچەکانی کەلار لە ساڵی 2024ـەوە کراوە و وەزارەتی شارەوانی بڕی مووچەی هەر کرێکارێکی بە 300 هەزار دینار دیاریکردووە.
ئەو بەرپرسەی کۆمپانیاکە گوتیشی، "کۆمپانیا یەک دینار لە پارەی کرێکاران بۆ خۆی نابات و بڕیارەکە بەپێی تەندەرەکەیە، تەنانەت لەسەر ئەرکی خۆیشمان پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم کرێکاران دابین دەکەین."
سەبارەت بە جیاوازیی مووچەی کرێکاران لەگەڵ سلێمانی، کۆمپانیاکە روونیکردەوە کە لە شاری سلێمانی تەندەر و گرێبەستەکە جیاوازە و لەسەر بنەمای "کیلۆمەتر" و بڕگەی خزمەتگوزاری هەژمار کراوە، بۆیە مووچەکەیان 440 هەزار دینارە، بەڵام لە کەلار تەندەرەکە کۆنە؛ گوتیشی، بەڕێوەبەرایەتیی کار لە گەرمیان بە فەرمی لەم بابەتە ئاگادارکراوەتەوە، تاوەکو مانگی ئاداری ساڵی 2027یش کە کاتی نوێکردنەوەی تەندەرەکەیە، کۆمپانیا پابەندی گرێبەستە فەرمییەکەی دەبێت.



